ئەمڕۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهانەوە خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن

‌خۆپیشاندەرێک دژی گەرمبوونی زەوی ناڕەزایی دەردەبڕێت


وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ شەممە لە سەرانسەری جیهانەوە ملیۆنان کەس خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن.

خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ لە 163 وڵاتی جیهان و بە بەشداری زیاتر لە چوار ملیۆن کەس بەڕێوەدەچێت، ئامانجیش لێی دەربڕینی ناڕەزاییە دژی گەرمبوونی زەوی و ئاراستەکردنی داواکاریشە بۆ حکومەتەکانی وڵاتان کە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگەی زەوی.

یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە کە لە رێکخراوی 350.ORG  کە رێکخراوێکە  پاراستنی ژینگە کاردەکات رایگەیاندووە، زیاتر لە پێنج هەزار و 600 خۆپیشاندەر لە 163 دەوڵتەوەو 73 سەندیکا و 820 رێکخراوی مەدەنی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکە دەکەن، هاوکات سێ هەزار کۆمپانیا و سێ هەزار و 700 ماڵپەڕ لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دێنە پاڵ خۆپیشاندانەکە و پشتگیری دەکەن.

راشیگەیاندووە، بەم پێیەبێت ژمارەی خۆپیشاندەران چوار ملیۆن کەس تێپەڕ دەکات.

بەپێی بەیاننامەیەکیش کە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە بڵاویان کردووەتەوە، 40 هەزار کەس لە فەڕەنسا و دوو هەزار و 600 کەس لە ئۆکرانیا و پێنج هەزار کەس لە باشوری ئەفریقا و 10 هەزار کەس لە تورکیا و پێنج هەزار کەس لە ژاپۆن و 430 هەزار کەس لە ئوسترالیا و 100 هەزار کەس لە لەندەن و 250 هەزار کەس لە نیویۆرک و یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس لە ئەڵمانیا بەشداری خۆپیشاندانەکە دەکەن.

دەستپێشخەری ئەنجامدانی "خۆپیشاندان لەپێناوی زەوی"دا دەگەڕێتەوە بۆ قوتابیەکی کچی سویدی بە ناوی گریتا تۆنیبێرگ کاتێک ساڵی رابردوو یەکێک لە رۆژەکان وانەکانی جێهێشت و بەرەو پەرلەمانی وڵاتەکەی بەڕێکەوت و داوای کرد سیاسەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەرمبوونی زەوی دابڕێژرێت.

ئەم دەستپێشخەرییەی خانمە سویدیەکە لەلایەن هاوڵاتیانی زۆربەی دەوڵەتانی دونیاوە پشتیوانی لێ کراو گریتا داوای کرد هەموو هەینییەک خۆپیشاندانی لەو جۆرە ئەنجامبدرێت، دواتریش داواکارییەکەی بووە بزوتنەوەیەکی جیهانی بە ناوی Friday For Future.

ئەم خۆپیشاندانە لەکاتێکدایە بڕیاوایە 23 ی ئەم مانگە لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک بەڕێوەبچێت و تێیدا دەوڵەتان دەربارەی کێشەی گەرمبوونی زەوی گفتوگۆ دەکەن و دەیانەوێ بڕیارێک بۆ رێگریکردن لە زیاتر گەرمبوونی زەوی دەربکەن.

ئامانجی سەرەکی لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان گەیشتنە بە بڕیاری کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازەکان، پێشتریش رێککەوتنامەی پاریس لە ساڵی  2015 جەختی لە کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازەکان دەکردەوە کە لە کۆی197 دەوڵەت 12 دەوڵەت پەیمانامەکەیان واژۆ کرد.
 
 
ش . ر 
 


PM:03:18:21/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو