ئەمریکا هێزی زیاتر بۆ کەنداو دەنێرێت



وێستگە نیوز-

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەزامەندی نیشاندا بۆ ناردنی هێزی زیاتری بەرگری ئەمریکی بۆ کەنداو.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا- پنتاگۆن ئەوەی راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی نیشانداوە بۆ ناردنی هێزی زیاتری ئەمریکی بۆ کەنداو.

ئاماژەی بەوەشداوە،  ژمارەی هێزەکان "مامناوەندە" و بەشێوەیەکی سەرەکی کار لەسەر بەرگری ئاسمانی دەکەن دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر دامەزراوە نەوتیەکانی ئارامکۆ لە سعودیە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەی هێزەکان هەزاران تێناپەڕێنێت، رەتیشیکردەوە بە دیاریکراوی ئاماژە بە ژمارەی هێزەکان بدات.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە پنتاگۆن بەنیازە فڕۆکەی شەڕکەری زیاتر بۆ کەنداو بنێرێت.

لەلایەکی دیکەوە مارک ئاسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا، رایگەیاند، تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەوە نەدراوە کە ژمارەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە کەنداو چەند دەبن.

جێی ئاماژەیە ئاڵۆزییەکانی کەنداو دوای تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە ئاڵۆزتر بوون و پێشتریش ئێران دەستیگرت بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری بەریتانی، لە هەفتەی رابردووشدا دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر دامەزراوە نەوتیەکانی ئارامکۆ لە سعودیە ئەمریکا و سعودیە ئێرانیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت ئەو هێرشانەوە بووە.


AM:11:44:21/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 4840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو