سەفین دزەیی: ڕادەستکردنی نەوتی کوردستان بە بەغدا لایەنە هونەرییەکەی ماوە


وێستگەنیوز -

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ڕادەستکردنی نەوتی کوردستان بە بەغدا لە ڕووی سیاسییەوە بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام لە ڕووی هونەرییەوە کاری پێویستە.

ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی ٨ی ٢٠١٩، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکاران رای گەیاند: ”ئەو ئامادەكارییەی كراوە بۆ رادەستکردنی نەوت وەك پێویست نەبووە، دیارە لە ڕووی سیاسییەوە بڕیارەكە دراوە، بەڵام لە رووی هونەرییەوە ماویەتی".

ڕوونیشی کردەوە، كۆمپانیا بیانییەکان هەن كە وەبەرهێنان دەكەن لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان، کاتێکیش بڕیار بدرێت ئەو نەوتە رادەست بكرێت، دەبێ ماف و شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایانە ڕەچاو بكرێت.
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، دزەیی باسی لەوەکرد کە چەندان لیژنەی تایبەت بە دۆسیەکانی نێوان هەردوولا پێکهێنراون و لە دوای سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆك حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، ”پەیوەندییەكان زۆر باش بوون"، دواتریش شاندی پەیوەندیداری بەغدا هاتوونە كوردستان و لیژنەی تایبەتیش پێكهاتوون لەسەر دۆسیەكانی نەوت و ئەمنی و بودجە.

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە، سەفین دزەیی وتی: ”موچە و بودجە ساڵانەیە كە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان دراوە، ئەوە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت".

ئاماژەشی بەوە کرد، بۆ ساڵی 2020،  قسە لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە جارێكی دیكە پێدانی مووچە و بودجە بە هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت.


PM:03:48:24/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 5676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو