ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێکی "گرنگ"ی ده‌ركرد


وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئه‌نجامیدا چه‌ند بڕیارێكی گرنگی ده‌ركرد، هه‌روه‌ك بڕیاره‌ سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ شاندێكی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات.


به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌: ئەمڕۆ دووشەممە 15/7/2019، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی سازکرد.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان به گشتی‌ و بەتایبه تی‌ مووچەخۆران و پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی شەهیدانی کرد کە لە ساڵانی رابردوو شانیان دایە بەر بەرگریی کردن و پاراستنی سەروەری هەرێمی کوردستان و قارەمانانە بەڕووی هەموو سەختی و ناخوشی و قه یران و ئابڵوقەکان وەستانەوە، بەڵینیشیدا کە درێغی نەکەن لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی".

هەر لەکۆبونەوەکەدا دوای روونکردنەوەی كاره كانی‌ دەستبەکار بوونی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی 30 رۆژدا دابرێژن و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەر لەوکۆبونەوەیەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: سبەینی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوور.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم چەند بڕیارێکی لەبارەی دەوامی وەزیرەکان و خاوه‌ن وه‌زیفه باڵاكان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی رووتین و دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لەناو داموودەزگاکانی حکومەت خسته‌روو، دواتر بە کۆی ده‌نگ په‌سه‌ند كران.
------
دەقی بڕیارەکانی‌ یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوه ن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کارووباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پێی یاسا ورێنماییەکانی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، سەرجەم  ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.

پێنجەم: دەبێت رۆتین لەداموودەزگانی حکومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵاو و پرسیاری هاوڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت و پێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.

هــ. ر


PM:02:59:15/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 6920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو