سوود و زیانەکانی کەباب خرایه‌ڕوو


وێستگه‌ نیوز ـ
پسپۆڕێکی خۆراک لە هەرێمی کوردستان خواردنی کەباب بە باش و پێویست دادەنێت ئەگەر بەپێی پێویست بخورێت و رەچاوی پاک و خاوێنی بکرێت لە کاتی ئامادەکردنیدا.


لە بابەتێکی تەندروستیدا لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک و سەرپەرشتیاری لیژنەی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە، کەباب سوودی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە پرۆتینی ئاژەڵی تێدایە لەگەڵ بوونی چەوری ئاژەڵ، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە زیادەڕۆی تێدا نەکرێت لەخواردنیدا، پرۆتین لە کاری دروستبوونی ماسولکە و زیندە چالاکییەکانی لەش بەشدارە و دەچێتە پێکهاتەی خوێنەوە، چونکە رێژەیەکی باش ئاسنی تێدایە گرنگە بۆ خرۆکە سورەکانی خوێن ئۆکسجین دەگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی تری جەستە، چەورییەکەشی سەرچاوەی ترشە چەورییەکان و ووزە و ڤیتامینەکانە.

ئەو پسپۆڕەی بواری خۆراک لەبارەی زیانەکانی کەبابەوە دەڵێت: "ئەگەر هاتوو کەباب بە ڕێژەیەکی زۆر بخوریت بێگومان زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەینێت، چونکە زیاتر لە 35٪ پێکهاتەی کەباب چەورییە، چەوریەکەشی چەوری تێرە نا تەندورستانە کۆلسترۆڵ زیاد دەکات و کار دەکاتە سەر بۆریەکانی دڵ، لەکاتی برژاندندا مادەی ئەماین دروست دەکات کە کاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە".

لەشکر حەمید ئەوەیشی خستەڕوو، یەکێکی تر لە زیانەکانی کەباب بەهۆی ئەوەوەیە ڕێژەیەکی زۆری خوێی تێدا بەکاردێت، بە جۆرێک کە بۆ یەک کەباب حه‌وت گرام خوێ بەکاردێت کە مرۆڤ نابێت رۆژانە لە شه‌ش گرام زیاتر خوێ بخوات ، لەهەمان کاتدا یوریک ئەسید زیاد دەکات کە کار دەکاتە سەر جومگەکان و گورچلەکان.

لەم بابەتە تەندروستییەدا کە راگەیاندنی تەندروستیی سلێمانیش بڵاوی کردووەتەوە ئاماژە بەوەکراوە، بەپێی ئەو توێژینەوە زانستیانەی لە کوردستاندا لەسەر کەباب کراوە، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە هەموو ئەو نموونانەی وەرگیراوە لە کەباب پیس بوون بە بەکتریا پێش برژاندن، بەڵام دواتر دوای برژاندن بەکتریا هەر هەبووە، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر، هەروەها رێژەی53٪ بەکتریای کۆلیفۆرمی تێدا بووە پێش براژندن لە کاتێکدا دوای برژاندن دابەزیوە بۆ ڕێژەی لە 10٪، کەواته بوونی بەکتریا بە رێژەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە سەلامەتی وپاکوخاوێنی.

بۆ دڵنیابوون لە پاک و خاوێنی کەباب و خۆ بەدوورگرتن لە زیانەکانی لەشکر حەمید سەرپەرشتیاری لیژنەی تەندروستی، ئەم رێنماییانەی خستووەتەڕوو کە پێویستە بەهەند وەربگیرێن.

دڵنیا بوون لە سەلامەتی ئەو گۆشتەی کە بەکاردێت بۆ کەباب.

شوێنی ئامادەکردنەکەی تا چەندێک تەندروستە.

پاکو خاوێنی کەسێتی ئەو کەسانەی کەباب دروست دەکەن، لەڕووی پشکنینی تەندروستی کارمەندەکە و بەکارهێنانی کڵاو و سەدریە و دەستکێش بە پێی رێنمایەکان.

ئەو شتانەی کە بەکاردێن تاچەند تەندروستن و پاک دەکرێنەوە بە جوانی.

ئەو ئاوەی بەکاردێت بۆ دەست تەڕکردن بۆ دروستکردنی کەباب سەرچاوەی سەرەکی دروستبوونی نەخۆشییه.

هــ. ر


PM:06:09:22/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 14824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو