«سەرۆكایەتی هەرێم، گرێ كوێرەی هەرێم‌و دەستوورەكەیەتی»



پێش ئەم دۆخە سیاسییەی ئێستای کوردستان مشتومڕی سیاسی گەرم لەسەر دەستوور هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پڕۆسە گرنگە کەمترین قسەی لەبارەوە دەکرێ، لەم دیدارەدا لەگەڵ پارێزەر چێنەر عەلی جۆڵا ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لەسەر پشكی یەكێتی، گفتوگۆ دەکەین لەسەر چارەسەری دۆخەکەو پڕۆسەی نووسینەوەی دەستوور.

• وەك لیژنەی نووسینەوەی دەستوور چۆن دروستبوون‌و چیتان كرد لەو ماوەیەدا؟

- سەبارەت بە ئامادەكردنی پرۆژەیەكی دەستور بۆ راپرسی دیارە ئێمە وەک لیژنەیەك بەپێی یاسای ژمارە 4 لەساڵی 2015 دەست بەكاربووین، ماوەیەكمان بۆ دیاریكرا كە بریتی بوو لە90 رۆژ، 21 كەس لەڕێگەی پەرلەمانەوە متنانەمان وەرگرت، بەڵام 20 كەس كارمان كرد.

وەك لە لیژنەكە لەمانگی 5 وە دەست بەكار بووین توانیمان لەو نەوەت رۆژە 75 مادە ئامادە بكەین لەچەند دەروازەیەكی جیاوازدا، دەروازەی یەكەم بریتی بوو لە بنەما سەرەكییەكان، دەەروازەی دووەم ماف‌و ئازادییەكان، دەروازەی سێیەم تایبەت بوو بەپێكهاتەكانی كوردستان، لەو دەروازەیەدا چەند مادەیەكمان پەسەند كرد لەو دەروازەیەدا وەستاوین‌و ماوەكەمان تەواو بوو كە 90 رۆژ بوو، بۆیە بەفەرمی داوامان كرد لەپەرلەمانی كوردستان كە ماوەیەكی ترمان بداتی چونكە لەماددەی 4 دا رێگەی داوە بەلیژنەكە داوای ماوەی تر بكات بۆ تەواكردنی كارەكانی.

• چارەنووسی لیژنەكەتان بەكوێ دەگات‌و دەتانەوێت چی بكەن؟

- ئێستا لەم قۆناغەدا كارەكانمان وەستاوە، بەشێكی پەیوەندی بەو بارودۆخەوە هەیە كە ئێستا كوردستانی تێكەوتووە، بەشێكشیان پێویستی بەدوو هەنگاوەوە، هەیە یەكەمیان ئەوەیە كە دەبێت پەرلەمانی كوردستان دەست بكاتەوە بەكارەكانی خۆی چونكە پێویستمان بەڕەزامەندی پەرلەمانە، دەسەڵاتەكە لای پەرلەمانە، دووەم پەیوەندی بەبارودۆخی سیاسییەوە هەیە چونكە ئەو دۆخە سیاسییە دەتوانێت ئەو زەمینەیە بڕەخسێنێت، بتوانیین كارەكانمان تەواوبكەین بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەو گیروگرفتانەی كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كە گرێ كوێرەیە بۆ ئەندامانی لیژنەی دەستوورو بەداخەوە ئێستا بووەتە قەیرانێكیش بۆ هەرێمی كوردستان.
پێم وایە سیستمی سەرۆكایەتی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی‌و رێكارە یاساییەكانی تەواو بكرێت ئەوا كاری لیژنەكەی ئێمەش زۆر زوو تەواو دەبێت و تا ئەم دوو زەمینەییەی كە باسم كرد، نەڕەخسێن، پێم وانییە بتوانیین دەست بەكار ببینەوە.

• ئایا ناكۆكییە سیاسییەكان چەند كاریگەەرییان هەیە لەسەر دەستور ؟

- پڕۆسەی نووسینەوەی دەستوور خۆی پڕۆسەیەكی سیاسییشە چونكە تێڕوانیینی لایەنە سیاسیییەكانی تێدایە، ئەو دەستوورە سیستمی سیاسیی و كاری سیاسیی رێكدەخاتەوە، لەبەر ئەوە دەستوور دەكەوێـتە ژێر كاریگەری پەیوەندی ‌و ململانێ سیاسییەكانەوە، بوونی ململانێی سیاسیی لەنێو هێز‌ و لایەنە سیاسییەكان بەدوو شێوە كاری لەسەر لیژنەكە كردووە یەكەم: سەرەتا کە چوینە ناو پڕۆسەی نووسینەوەی دەستوورەوە ململانێ هەبوو لەنێوان لایەنەكاندا، رەنگدانەوەی كەمی لەنێو لیژنەكەدا هەبوو، تا رادەیەك توانیمان كارەكانی خۆمان بكەین، ئومێدەوار بووین كێشەكان زوو چارەسەر بكرێن، بەداخەوە ئێستا ململانێ ساسییەكان چۆتە قوناخێكی زۆر قورسەوە، بێمتامنەیی لێكترازانی سیاسیی، دوور كەوتنەوەی هێزە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سەرۆكی هەرێم كە بەگرێ كوێرەی هەرێم‌و دەستوورەكەشی دەزانم.

• ئایا وەك لیژنەكە لەماوەی ئەو سێ مانگەدا نەتاندەتوانی كاری زیاتر بكەن؟

- پێم وایە وەك لیژنەكە كاری باشمانكردووە، توانیمان لەسێ دەروازە كار بكەین، ئامادەكردنی دەستوور كارێكی هەروا ئاسان نەبوو، چەندین تێڕوانیینی جیاواز كۆدەكرێتەوە بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان دەستوور دەنوسێتەوە.

• باشە چ هۆكارێك وای لێكردن لەو 90 رۆژەدا بە كاری زیاتر نەگەن؟
- هۆكارێكییان ئەوە بوو كە پڕۆژەیەكی ئامادەكراومان نەبوو كە كاری لەسەر بكەین، بەداخەوە ململانێی سیاسیی نێوان لایەنكانیش هۆكارێك بوون بەتایبەت نێوان پارتی‌و گۆڕان، پرۆژەیەك هەبوو كە گەڕێنرایەوە نێو پەرلەمان كە رێكەوتنی 30 حوزەیرانی لەسەر كرابوو كە ئەركەكەی قورستر كرد، چونكە دیسانەوە كاری نووسینەوەمان كرد، ملاملانێی سیاسیش هۆكار بوو.

هۆكاری تریش مەسەلەی رۆژە پشووەكان ‌و جەژن‌ و كۆمەڵێک كاریتر، هۆكارێكی تریش ئەوەبوو لەیاسای ژمارە 4 دا سیستەمی كاری ئێمەی دیاری نەكردبوو، بۆیە ماوەیەكی زۆر خەریكی پەیرەوێكی ناوخۆبوین بۆ كاری لیژنەكە. بۆیە هەموو ئەو هۆكارانە هۆكار بوون بۆ زیاتر كارنەكردنی لیژنەكەمان.
• ئێستا ئومێدتان چییە بۆ دەست بەكاربوونەوەتان؟

- ئومێد دەكەین هەرچی زووە بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئاسایی ببێتەوە، پەرلەمانی كوردستان دەست بەكارەكانی خۆی بكاتەوە چونكە تاكە شوێنی شەرعییە كە دەسەڵاتی یاسادانانی هەبێت، ئەو دەتوانێت ماوەكەی ئێمە درێژبكاتەوە، هێزو لایەنە سیاسییەكانیش هەرچی زووە رێكبكەون چونكە تاكە رێگایە بۆ دەست بەكاربوونەوەی كارەكانی ئێمە.

• كێ بەرپرسە لەم بارودۆخەی ئێستا؟
- وەڵامەكە دوو لایەن لەخۆی دەگرێت، یەكەم: ئەوەی پەیوەندی بەدۆخی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، پێموایە نەبوونی متمانەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، نەبوونی نەرمی نواندنە بەتایبەت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە کە دەیتوانی نەرمی زیاتر بنوێنی لەگەڵ هەر چوار لایەنەكی تردا كە دوو پرۆژەیان پێكەشی پارتی كرد، تێڕوانیینی جیاوازی لایەنەكان، لەكۆی حوكمڕانی لایەنەكانن، دووەمیش: سەبارەت بەكاری لیژنەكەیە، كە بەپێی یاسا كارەكانمان تەواو بووەو هەر بەپێی یاساش دەتوانیین كارەكانمان رێك بخەیەنەوە.

• دوا قسەت؟
- لەكۆتاییدا دەڵێم ئەم هەرێمەی ئێمە دەبووایە زۆر پێشتر دەستووری هەبووایە، ئێستاش پێویستمان پێییەتی، چونكە سیستەمی وڵات رێكدەخات، ئومێدەوارم هێزو لایەنە سیاسییەكان بێنەوە سەر مێزی گقتوگۆ‌و ئەو ئیرادەیە بگێڕنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە هەرێمی كوردستان یەكەم جارە دەبێتە خاوەنی دەستووری خۆی‌و شانسی نووسینەوەی دەستووری دەبێت‌و بەرژەوەندی میللەتەكەمان لەپێش بەرژەوەندی حزبییەوە بێت.  

دیداری: تارق كەمال
بۆ كوردستانی‌ نوێ‌


AM:09:49:16/11/2015


ئه‌م بابه‌ته 9495 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو