هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چەندین زانیاری نهێنی ژیانی‌ خۆی ئاشکرا دەکات


وێستگە- هەڵوێست ئەنوەر

سایتی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی چاوپێککەوتنێک لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد-دا ساز دەکات، تێیدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چەندین نهێنی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی خۆی و ژیانی سیاسی دەگێڕێتەوە.

چاوپێککەوتنەکەی سایتی ئەلجەزیرە لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەژێر ناونیشانی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: ژنە پێشمەرگەی ڕەسەن)دا بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای چاوپێککەوتنەکەدا وێنەیەکی ئایکۆنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دانراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1980 لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، کە تێیدا بە تەنها بە جلوبەرگێکی پێشمەرگەییەوە لە نێوان چەند پیاوێکدا وەستاوە و قژە ڕەشەکەی بە شێوەی دوو پرچ لەملاو لاوە بەرداوەتەوە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا باس لەوەکراوە لەو ڕۆژگارەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە ناوی " دیانا"وە بانگکراوە و هەندێک دەڵێن ئەم ناوە وەکو ناوی نهێنی بەکارهێنراوە، تانیا گودسوزیانی ئامادەکاری چاوپێککەوتنەکە دەپرسێت: وا دەردەکەوێت کە ناوی دیانا ناوێکی نهێنی گونجاو بێت بۆ ژنە شەڕڤانێکی کورد، ئایا دیانا خوداوەندی (ڕاو)ی ڕۆمانییەکان نەبوو؟

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا پیدەکەنێت و دەڵێت" نا،نا،نا، ئەمە هیچ پەیوەندییکی بە خوداوەندی ڕۆمانەکانەوە نییە، ئەمە د-یا-نا، ئەمە ئەو ناوەیە کە کوڕە گەورەکەم منی پێ بانگ دەکرد، دایە لە زمانی کوردیدا هاوواتای (mommy)ی زمانی ئینگلیزییە، لەبەر چەند هۆکارێک ئەو نەیدەتوانێ بە دایە بانگمکات بۆیە دەیوت دیانا."

لە چاوپێککەوتنەکەدا هاتووە" نەوەیەک لەمەوپێش، هێرۆ یەکێک بوو لەو 50 ژنەی یاخود زیاتر کە پەیوەندییان بە مێرد و براکانیانەوە لە جەنگی بەرگری دژی ڕژێمی بەعسی عیراقی کرد، ئەوان لە زمانی کوردیدا پێیان دەوترا (ژنی شاخ)، مێردەکەی هێرۆ، جەلال تاڵەبانی (سەرۆکی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان)بوو کە دواتر بوو بەیەکەم سەرۆکی عیراقی بە ڕەگەز کورد، بەڵام ئەمە یەکەم  بەشداریکردنی ‌هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نەبووە لە خەباتی چەکداری کورد بۆ سەربەخۆیی."

لە چاوپێککەوتنەکەدا هاتووە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەمەنی 10 ساڵ بووە کاتێک کودەتا بەسەر سیستەمی پاشایەتیدا کرا، کە دواتر بە شۆڕشی 14-ی تەمووز ناسێنرا و لەلایەن عەبدول کەریم قاسمەوە سەرپرشتی دەکرا کە سەرەتا بە کەسێکی نزیک لە کورد دانرا، و بەهۆیەوە زینداییانی سیاسی ئازادکران و ئەو کوردانەی کە بەشدارییان لە سەرهەڵدانی 1943-1945-دا کردبوو لێبوردنیان بۆدەرکرا، بەڵام دوای چەند ساڵێکی کەم پەیوەندی بەغدا و کوردەکان تێکچوو.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵی 1961-دا سکرتێری گشتی پارتیی دیموکراتی کوردستان بووە، کاتێک کە حکومەتی عیراقی پەلاماری شاری سلێمانی داوە ژنەکەی و حەوت منداڵەکەی بردووە بۆ شاخ.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" باوکم بڕوای بە یەکسانی پیاو و ژن هەبووە"، وتووشیەتی " من گەورەترین منداڵی خانەوادەکەم بووم، کاتێک من لە دایکبووم باوکم بەبۆنەی منەوە ئاهەنگی گێراوە، لەو رۆژەدا کەس ئاهەنگی بۆ لەدایکبوونی کچ نەدەگێڕا، تەنها بۆ کوڕ ئاهەنگیان دەکرد."

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێش ئەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد شووبکات بە گەنجێکی پارێزەری خاوەن کاریزما کە دواتر بوو بە سیاسەتمەدار(مام جەلال) لەلایەن یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کە ڕیکخراوێکیی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بووە داوای لێدەکرێت کە وەکو ئەندامێکی خاوەن دەسەڵات خۆی تۆماربکات.

بەڵام هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" داوایان لێکردم کە پەیوەندی بە پارتەکەیانەوە بکەم بەڵام ڕەتمکردەوە، لە چیاکاندا زۆر باسی منیان دەکرد، دەیانوت' چۆن وێراویەتی ڕەتیبکاتەوە؟' باوکم بەرگری لێدەکردم و دەیوت" ئەو مافی بڕیاردانی هەیە، ئەگەر بیەوێت پەیوەندی بکات ئەوا بەخێربێت، ئەگەر نا، پێویست ناکات بیکات."

ئەلجەزیرە دەڵێت لە ساڵانی 1970-کاندا کاتێک هێرۆ بڕیاریدا شانبەشانی مێردەکەی لە چیاکان شەڕ بکات دوو کوڕی هەبوو، باڤێل و قوباد کە دواتر ئەمان لەژێر چاودێری خانەوادەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە لەندەن بەجێهێشتران.

ئەلجەزیرە ئاماژەشی بەوەکردووە کاتێک لە ساڵی 1974 بەهۆی شکستی ڕێککەوتننامەی ئۆتۆنۆمی نێوان کورد و بەغدای ساڵی 1970 جەنگ دەستیپێکردەوە، لەو کاتەشدا ئەمریکا و ئیسرائیل و شای ئێران پشتیوانی کوردەکانیان دەکرد لە دژی حکومەتی بەعس، لەبەرامبەریشدا حکومەتی بەعس زۆر بە توندی بەرپەرچی کوردەکانی دەدایەوە و پەلاماری دەدان، ساڵێک دواتر لە 6-ی ئازاری 1975 بەغدا ڕێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ شای ئێراندا واژۆکرد، بۆ ئەوەی ئێران ڕێڕەوی ئاوی شەتولعەرەب بگرێتە دەست لەبەرامبەردا کۆتایی بە پشتیوانی کوردەکان بهێنێت.

لە چاوپێکەوتنەکەشدا ئەوەش هاتووە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وتوویەتی" دوای هاوسەرگیرییەکەیان، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەغدا ژیاوین، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ژێر فشاری حکومەتدا بووین، وەکو ئۆپۆسیزیۆن گومانیان لێدەکردین بۆیە ناچاربووین ڕووبکەینە قاهیرە."

ئەمە ئەو کاتەبووە کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە زانکۆی موستەنسیرییەی بەغدا بڕوانامەی لە دەروونناسیدا بەدەستهێناوە و هەر لەوێش یەکەم منداڵیان بووە کە ناوی (پاڤێڵ)ە.

دوای دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" مێردەکەم پێی وتم ناتوانم لەگەڵیدا بڕۆم لەبەر ئەوەی ئەو لە نزیک سنووری عیراق- ئێران دەمێنێتەوە و لەو ناوچانە دەبێت حیجاب بپۆشیت ئەو دەیزانی من هەرگیز حیجابم نەپۆشیبوو." و هەروەها باسی ڕۆژانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکات و دەڵێت ڕۆژێکیان مام جەلال پەیوەندی پێوەکردم وتی " دەزانم ئارەزووت لە باخداری هەیە، باخێکی بچووکم لەبەردەم ماڵەکەمان لە تاران دروستکردووە."

ئەلجەزیرە نووسیویەتی لەو کاتەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێکەنی و وتی " بەم شێوەیە ڕازی دەکردم بۆ ئەوەی پەیوەندی پێوەبکەم."

دەربارەی ئەوەی لە گۆڕەپانی جەنگدا چ ڕۆڵێکی بینیوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" هەرگیز کەسم نەکوشتووە، ئەگەر ئەمە ئەوەیە کە پرسیاری لەبارەوە دەکەیت، چەکێكم پێدرابوو، ڕاهێنانیشیان پێمکردبوو لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی، بەڵام هەرگیز بەکارمنەهێناوە بۆ ئەوەی تەقەی لەکه‌سێک پێبکەم."

دەشڵێت " من وەکو پیاو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردم، ئەمە پەیوەندی بەخۆتەوە هەیە ئەگەر بترسیت وەکو ژن مامەڵەت لەگەڵدا دەکەن."

دەشڵێت" هەوڵمداوە کە چێشت لێبنێم بەڵام کەس چێشتلێنانەکەمی بە دڵ نەبووە."

لە بەشێکی چاوپێککەوتنەکەشدا باس لەو ئەرشیفی ڤیدیۆ و وێنانە کراوە کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵانی خەباتی شاخدا تۆماریکردوون.

ئاماژە بەوەکراوە لە ساڵی 1989  یەکێتی ژنانی دامەزراندووە و دواتر لە ساڵی 1997 کەناڵی خاک و لە ساڵی 2000 کەناڵی کوردسات و یارمەتیدەر بووە بۆ دەرچوونی چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری دیکە.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" سەرەتای کاری ڕێکخراوەیی میدیام بۆ منداڵانی کوردستان بووە، بیرۆکەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ناوخۆ کاتێک یەکێتی و پارتی لە شەڕدابوون، هەر پارتە ئاڵای خۆی و ڕەنگی خۆی هەبوو، سەوز بۆ یەکێتی و زەرد بۆ پارتی، لەو کاتەدا کاتێک سەردانی ماڵێکم کرد و منداڵەکانیانم بینی، لەسەر ڕەنگەکان شەریان بوو کوڕەکەیان پارتی خۆش دەویست و زەردی دەویست کچەکەشیان یەکێتی خۆشدەویست و سەوزی دەویست، ئەم ڕووداوە بێتاقەتی کردم."

" ئەمە کاری تێکردم، ئەو نەوجەوانانەی کە دەبوایە یارییان بە ڕەنگەکان بکردایە، زەرد و سەوزیان پەیوەست دەکرد بە سیاسەتەوە، ئەگەر بڕوانیتە لۆگۆی کەناڵی خاک دەبینیت سەوزی تێدا نییە، من ویستم ئەم دەقە لە بیرکردنەوەیە بشکێنم و بەشێوەیەک لە شێوەکان منداڵەکان لە سیاسەت دابماڵم."

هێرٶ ئیبراهیم ئەحمەد دەربارەی ئەو قسانەی لەبارەیەوە دەکرێت و ئەو ڕەخنانەی بەهۆی جۆری کەسایەتییەوە لێیدەگیرێت دەڵێت" لە ڕۆژنامەکدا دەڵێن کە من ژنێکی دەوڵەمەندم، من دەوڵەمەند نیم، من هەرگیز گوێم بە پارە نەیاوە، جارێکیان یەکێک نوسیبووی 20 ملیار دۆلاری هەیە."

ئەلجەزیرە دەلێت ئەو یەکێکە لەوانەی ڕەخنەکان پشتگوێ دەخات، یەکێک نییە لەوانەی کە میدیا ڕووبەڕووی دادگا بکاتەوە، کەسایەتییە بێدەنگ و سەنگینەکەی واشێوەی کێشاوە لە ڕۆژنامە ناوخۆکاندا کە کەسێکی سارد و دوورەپەرێزە.

" من هەرگیز گوێ نایەم بەوەی دەربارەی من چی دەڵێن،" دەشڵێت" خراپترین شت لەمرۆڤدا ئەوەیە کە لەگەڵ ناوەوەی خۆیدا لەململانێدا بێت."

ئەلجەزیرە ئاماژەشی بەوەکردووە لەماوەی نۆ ساڵەی سەرۆکایەتی کردنی عیراق لە لایەن جەلال تاڵەبانییەوە بە " خانمی یەکەمی عیراق" بانگکراوە، بەڵام خۆی نازناوی " دادە"ی بە دڵە کە خەڵکی سلێمانی پێی بانگدەکەن ئەویش بەهۆی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی پێشکەشی کردوون.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو لە ئێستادا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە کەسایەتییەک بۆ کچان و ژنان کە چاوی لێبکەن.

ئەو کەسایەتییەی کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە سەرمەشق و سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتنی خۆی دادەنێت بریتییە لە "حەپسە خان" کە فیمینیستێکی ئایکۆنی کوردە، لە ساڵی 1930-1940 گۆڕانکاری گەورەی لە ژیاری کۆمەڵایەتیدا کردووە و یەکەم قوتابخانەی بۆ کچان لە ماڵەکەی خۆیدا کردووەتەوە.

ئەلجەزیرە دەڵێت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لای وێنەیەکی حەپسەخانەوە دەوەستێت و دەڵێت" ئەمە حەپسە خانە، لە ساڵەکانی 1920-دا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژناندا دەچێتە بازاڕ و پەچەکەی لادەدات، لەو ڕۆژانەدا ئەمە کارێکی زۆر ئابڕووبەرانە بوو، تەنانەت ئێستاش ئابڕوبەرانەیە، کەس ئەتوانێت ئەمە لە ئەفغانستان بکات؟ ئەو زۆر بەهێزبوو."

هەروەها باسی (خوشکە حەلیمە) دەکات و دەڵێت" ئەو لە گوندێکەوە هاتبوو لە ساڵەکانی 1970-دا بوو بە فەرماندەی پێشمەرگە، ئێستا چیرۆکێکی ناوداری هەیە کە جارێکیان پیاوێک دەچێت بۆ لای پێی دەڵێت برسیمە، پیاوەکە چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە خوشکە حەلیمە خواردنی بۆ بهێنێت، بەڵام ئەو هەڵدەسێتە سەرپێی و پێی دەڵێت "  باشە چەکەکەتم بەرێ، من پاسەوانی دەکەم.""

دەربارەی دایکە گەورەشی کە ناوی سەلیمە عەبدوڵایە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" دایکە گەورەم خەڵکی وانە لە  کوردستانی تورکیا، من بە چیرۆکەکانی ئەو گەورەبووم ئەو کاتە سەختانەی پێیدا تێپەڕیون و چۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا ناچاربوون شارەکەیان چۆڵ بکەن."

دەڵێت ئەو هەمیشە ئاگاداری دەکردمەوە کە ئەگەر بچم بۆ چیاکان دەمرم، نەک لەبەر جەنگ بەڵكو بەهۆی برسییەتییەوە، لە وەسفی دایکە گەورەشیدا دەڵێت" دایکە گەورەم لە مۆدێرن خوازانی کاتی خۆیبووە، تەنانەت لە ڕۆژانی کۆتای تەمەنیشیدا، ئەو کەسایەتییەکی ئاینی هەبوو، بەڵام ژنێکی مەزن بوو."

دەربارەی ژنانی پێشمەرگە و شەڕڤانانیش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" ئەوان تەنها بۆ ڕازاندنەوە لە بەرەکانی جەنگ نین، ئەوان زۆر بە جەرگن، من زۆرم لەوان بینیوە، ئەوان زیاتر لە ئێمە بەشداری جەنگەکانیان کردووە، ئەوان لە بەرەکانی پێشەوەن، وەکو پیاون، شەهیدیان هەیە، ئەوان ژنانێکن بۆ جەنگ ئامادەکراون."

لە کۆتایشدا تانیا گودسوزیان بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت تۆ ئێستا نەوەیەکی کچت هەیە، چ ڕێنماییەک دەدەیت بە نەوە کچەکەت؟، لەوەڵامدا دەڵێت" دایە گەورەم پێی نەوتووم کە چی بکەم، منیش هەمان شت لەگەڵ ئەو دەکەم"، بەڵام دواتر بە پێکەنینێکەوە دەڵێت" ئەوانیش دەجەنگن، جەنگەکانی ئێمە کۆتایی نایەت."






















PM:09:32:28/10/2015


ئه‌م بابه‌ته 38777 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو