پارێزگاری هەولێر: لەدوای ئەم هەڵبژاردنە قۆناغێکی نوێی دەستووری دێتە ئاراوە
وێستگەنیوز- شاهین فوئاد
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 7:00 بەیانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد تاوەکو کاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز ئامادەی بوو رایگەیاند، "ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێرە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستی پێکردووە، تا تێستا لە هەولێر هیچ گرفتێک نەبووە".
ئاماژەی بەوەکرد، "111 هەزار و 839 دەنگدەر لە سنووری پارێزگای هەولێر هەیە، هەروەها 79 بنکەی دەنگدان و 385 وێستگە هەیە".
پارێزگاری هەولێر وتیشی، "لەدوای ئەم هەڵبژاردنە قۆناغێکی نوێی دەستووری دێتە ئاراوە".
هەروەها مەروان محەمەد، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "لە چەند بنکەیەکی دەنگدان کێشەی ئامێرەکان هەبوون، بەڵام چارەسەر کراون".
باسی لەوەشکرد، "ئامێری یەدەگ هەیە لە هەر بنکەیەک ئامێرەکە کێشەی هەبێت دەگۆڕدرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "هەر کەسێک هەڵە بکات لەسەر وەرەقەی دەنگدان لەکاتی دەنگدان، دەوتوانێت وەرەقەیەکی دیکەی دەنگدان وەربگرێت".
AM:10:32:09/11/2025
ئهم بابهته 1072
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت