بافڵ تاڵەبانی بۆ پزیشکیان: رێگەنادەین هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
وێستگەنیوز-
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازیمان لە بەڕێز مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد".
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەردانە مێژووییەکەی پزیشکیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم سەردانە درێژکراوەی پەیوەندییە قووڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەرۆک مام جەلال ئەندازیار و بناغەدانەری بووە".
سەرۆکی یەکێتی وتی، "لە دیدارەکەمان لەگەڵ پزیشکیان جەختمان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتمانکردەوە، رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا".
بافڵ تاڵەبانی وتیشی، "لەدرێژەی دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرکردایەتیی و گەلی ئێران کرد کە لە سەرجەم قۆناغە سەختەکاندا هاوکار و پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوون، هەروەها لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و هاوخەباتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بوون. ئاماژەشمان بەوەکرد، ئێمە هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیادناکەین و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبین کە سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد و ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان بوو".
ئەوەشی خستەڕوو، "لەبەرامبەردا بەڕێز پزیشكیان ستایشی رۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆك مام جەلالی كرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی حەكیمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و ئاماژەیان بەوەكرد، ئێمە رێز لەو پەیوەندییە مێژووییە دەگرین و هیوادارین گەشەی زیاتری پێبدەین، لەبەرامبەر هەوڵ و هەنگاوە نیشتمانییەكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانتان دەبین".
PM:06:50:12/09/2024
ئهم بابهته 1440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت