واده‌ی هاوتاكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرا كرا


وێستگه‌نیوزـ

بەڕێوەبەرێكی جێبەجێكار لە خانەنشینی پێشمەرگە رایگه‌یاند، بە هاوكاری وەزارەتی دارایی كێشەی هاوتاكردنی خانه‌شینی پێشمه‌رگه‌ بەرەو چارەسەر دەڕوات و لەمانگی هه‌شته‌وە هاوتاكردنەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت.

هادی ئەكرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە خانەنشینی پێشمەرگە وتی: "دوای ئەوەی دەركەوت مووچەی پلە باڵاكانی خانەنشینانی سەربازی لەبری ئەوەی زیاد بكات، مووچەكەیان كەم دەبێتەوە، مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینانی سەربازی هاوتا نەكرا، لەبەر ئەوەی دەرماڵەكانی مەترسی، هاوسەرگیری و بڕوانامەكەیان لەگەڵ خانەنشینی سەربازی عێراقی جیاوازی هەیە لە ئێستاشدا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ ئەو حاڵەتە".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ وتیشی: "ئەو كەسانەی مووچەی خانەنشینی سەربازییەكەیان لە خوار 500 هەزارەوەیە سودمەند دەبن كە ژمارەكەیان زۆرە، هەروەها ئەو خانەنشینانەشی مووچەكەیان لە یەك ملیۆن دینار كەمترە، بڕی 100 هەزار دینار دەخرێتە سەر مووچەكەیان".

هادی ئه‌كره‌م، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ی ئێن ئێن، روونیكردەوە، بۆ چارەسەری كێشەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی بەهاوكاری وەزارەتی دارایی لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە و ئەو لیستانەشی كێشە و كەموكورتییان تیادا بوە كاری لەسەر كراوە، بەدڵنییاییەوە چارەسەر دەكرێت و لەمانگی هەشتدا قەرەبوەكان وەردەگیرێتەوە.

بەڕێوەبەرەكەی خانەنشینی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بڕیار وایە مووچەی خانەنشینانی سەربازی لە مانگی حەوتەوە هاوتاكەیان بۆ ئەژمار بكرێت، ئێستا چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەكەن بۆ ئەو مەبەستە.


PM:03:54:11/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 3784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت