قائیمقامی سلێمانی: كه‌سێك به‌ تۆمه‌تی سووتاندنی چیای گۆیژه‌ ده‌ستگیركرا


وێستگه‌نیوز-
قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند كه‌ كه‌سێك به‌ تۆمه‌تی سووتاندنی چیای گۆیژه‌ ده‌ستگیر كراوه‌، ئاشكراشیكرد كه‌ به‌هۆی‌ ئاگره‌كانه‌وه‌ زیاتر له‌ 19 هه‌زار نه‌مام له‌ چیای‌ گۆیژه‌ و ئه‌زمه‌ڕ سووتاون.

ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی له‌ لێدوانێكدا وتی‌: "له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌تایبه‌ت ئاسایشی‌ سلێمانی‌ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ رووداوی‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستپێكرد".

وتیشی‌: "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كه‌سێكیان ده‌ستگیركردووه‌ و كه‌یسه‌كه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ دادگا كراوه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌م كه‌سه‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ ئاگره‌كان ده‌ستگیر كراوه‌ و كه‌یسه‌كه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ دادوه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی‌ بڕیاری‌ دادگا بین".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئاگره‌كان زیاتر له‌ چوار ئاگره‌ و بوونی‌ ئه‌م هه‌موو ئاگره‌ گومان لای‌ هه‌مووان دروست ده‌كات.

قائیمقامی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كان ئاشكرایكرد كه‌ "به‌پێی‌ خه‌مڵاندنه‌كان له‌ چیای‌ گۆیژه‌ و ئه‌زمه‌ڕ به‌هۆی‌ ئاگره‌كانه‌وه‌ رووبه‌ڕی‌ زیاتر له‌ 400 دۆنم سووتاوه‌ له‌گه‌ڵ‌ زیاتر له‌ 19 هه‌زار دار له‌ ته‌مه‌نی‌ جیاجیادا".

راشیگه‌یاند كه‌ ئه‌م كارانه‌ ساردمان ناكاته‌وه‌ له‌ دارڕوواندن و سه‌وزكردنی‌ شاخی‌ گۆیژه‌ و له‌ ئێستادا كۆمپانیاكان هه‌ڵمه‌تێكی‌ به‌رفراوانیان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ تۆڕی‌ دابه‌شكردنی‌ ئاوه‌كان و ئاودانی‌ نه‌مامه‌كان و شتنه‌وه‌ی‌ نه‌مامه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین به‌شێك له‌و دارانه‌ی سوتاون نه‌هێڵین وشك ببن.



PM:03:14:04/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت