قوباد تاڵەبانی لەیادی یەکێتیدا پیرۆزبایی تایبەت تەنها بۆ دوو کەسایەتی دەنێرێت


وێستگەنیوز_

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال، لە یادی 48ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی تایبەت تەنها بۆ دوو کەسایەتی دێرینی ناو حزبەکەی دەنێرێت. شایەنی باسە، ئەو دوو کەسایەتییەی قوباد تاڵەبانی پیرۆزباییان لێدەکات، تەنها دوو کەسن کە لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتین و ئێستا لە ژیاندا ماون.

لە ساڵیادی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، قوباد تاڵەبانی بە تایبەت پیرۆزبایی لە د. فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پێی دەڵێت، بەشانازییەوە لەڕۆڵی بەڕێزتان دەڕوانین وەک کەسایەتیەکی سیاسی کوردستانی و عێراقی ناسراو، هاوڕێ و هاوخەباتی سەرۆک مام جەلال، ئەزمونی دەوڵەمەندتان لەدەوڵەتداری هەمیشە نەخشەڕێگایە بۆمان بەتایبەت لە گرتنە ئەستۆی ئەرکی سەرۆکایەتی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دواتریش لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقدا. 

دەشڵێت: "ئێمە مێژووی پڕ لە سەروەری و سەربەرزیتان لەبیر ناکەین و بەردەوام دەبین تا کاروانەکەتان دەگەیەنینە کەنارێکی ئارام. ئەرکمانە تێکۆشەرەکانی رێگای سەختی خەبات لە یاد نەکەین و لەسەر رێبازەکەیان بەردەوام بین."

کەسایەتی دووەمیش کە سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال بە تایبەتی پیرۆزبایی بۆ ناردووە، د. هۆمەر شێخموس، تێکۆشەری دێرین و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. قوباد تاڵەبانی لە نامەیەکدا نوسیویەتی: پیرۆزبایی گەرمتان ئاڕاستە دەکەم و چەپکە گوڵی سوپاسگوزاری و پێزانینمان بۆ خەبات و تێکۆشانتان پێشکەش دەکەین. بەڕێزتان بە دڵسۆزی و سەربەرزی و کوردپەروەرانە تێکۆشان و تەمەنی خۆتان بەخشیوەتە مرۆڤایەتی بەگشتی و کوردایەتی بەتایبەت، هاوکات بە دانەبڕوای پشتیوان و هاوڕێ و هاوسەنگەری سەرۆک مام جەلال بوون. ئەم وەفادارییە کەم وێنەیەتان جێگەی تەقدیر و بەرز نرخاندنە.

قوباد تاڵەبانی لە کۆتاییدا دەڵێت: تەمەنی ئێوە درێژبێت و تەندروست و بەختەوەربن. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکان و تێکۆشەرەکانمان و پیرۆزە لەئێوە لە هەموو یەکێتییەکان ئەم یادە شکۆدارە.


PM:01:26:02/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 12944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو