وه‌زیری دارایی هه‌رێم: چاوه‌ڕوانین كێشه‌ی نه‌وت هاوشێوه‌ی بودجه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ببێت


وێستگه‌ نیوزـ

له‌میانی پێشوازیكردنی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆریای باشور له‌ هه‌رێمی كوردستان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم رایگه‌یاند: چاوەڕێین هاوشێوەی بودجە کێشەی نەوتیش چارەسەر بکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد كه‌  ئەمڕۆ دووشەممه‌ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردەوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی کراوە.

وه‌زیری دارایی لە میانی پێشوازیکردنی لە چۆ کیجۆنگ کونسوڵی گشتی کۆریای باشور لە هەولێر، باسی لە دواین گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە کردوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ ئاوات شێخ جه‌ناب وتویه‌تی: چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنە سیاسیەی کە پێشتر لەنێوان لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیداره‌ی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق کراوە، کە بووەتە هۆی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، کێشەی نەوتیش بەهەمان شێوە چارەسەر بکرێت.


PM:07:57:27/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت