وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق لە هەوڵدایە بۆ هەرزانکردنی نرخی گۆشتی سوور


وێستگەنیوز_

بریکاری کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، دەیانەویت لەرێگەی دابینکردنی ئالیکی ئاژەڵ بۆ خاوەن ئاژەڵەکان نرخی گۆشت لە بازارەکاندا هەرزان بکەن.

ئەمرۆ دووشەممە 27ـی 3ـی 2023، مەهدی سەهەر جبوری، بریکاری کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەهۆی کەمی ئاو و گۆرانی کەشوهەواوە ئاستی بەرهەمی کەرتی کشتوکاڵی بەهەردوو بەشی رووەکی و ئاژەڵییەوە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە بەتایبەتی بەرهەمەکانی مەڕ و مانگا و گامێش و بزن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچوارچێوەی یاسای پاراستنی ئاسایشی خۆراکدا بڕێک پارە لە بودجەی ئەمساڵدا بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی مێرگەکان و دارستان و یەدەگە سروشتییەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان تەرخانکراوە.

دەشڵێت، یاریکردن و بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لەبازاڕەکاندا بەهۆی زۆری خواست و نەبوونی لەوەڕگەی سروشتی و ئالیکی ئاژەڵییەوەیە و لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەم هۆکارانە بوون بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.

هاوکات، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کەمی ئاو و پاراستنی ئاژەڵەکان، رێژەی ئاوی تاڵاوەکان زیاد دەکات. 

ئەوەش لەکاتێکدایە نرخی گۆشت لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 22 هەزار دینار و هێشتا هیچ هەنگاوێک بەمەبەستی کەمکردنەوەی نرخەکەی و هەرزانکردنی نەگیراوەتەبەر.


PM:05:00:27/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت