رێكخەرى راسپاردە نێودەوڵەتييەكانى ھەرێمی کوردستان: ئازادیيەكان سنوردار نەكراوە و راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 'ناواقیعە'


  • وێستگەنیوز_

  • دیندار زێباری، رێكخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتييەكانى ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادیدنان بە سیاسی کراوە ئەگینا ئازادیيەكان لە ھەرێم سنوردار نەكراوە.

دیندار زێباری وەڵامی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان شەفافانە کارەکانی دەکات و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتی و مەدەنییەکان هەیە؛ و راپۆرتی بەدواداچونیان لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردوون.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، دەبوایە لە راپۆرتەکەدا "واقیعیانەتر سەیری بابەتی ئاوارەکان بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە پرسی ئاوەرەکاندا سەرکەوتوو بووە و توانیویانە شوێنی حەوانەوە بۆ دوو ملیۆن ئاوارە دابین بکەن و لە ئێستاشدا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە 25 کەمپدا نیشتەجێن و لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەبوبێت جموجوڵی ئاوارەکان سنووردارکراوە."

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دەربارەی رۆژنامەنووسان رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسان لە هەرێم، لە هەشت رۆژنامەنوس حەوتیان لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمارکراون و زیاتر لە هەزار رۆژنامەنووس کە لە لیستی سەندیکادا تۆمار نەکراون وەک رۆژنامەنووس کاردەکەن.

هەروەها لەبارەی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان، دیندار زێباری وتی، "دۆسییەی گیراوانی بادینان بە سیاسی کراوە چونکە ئەوان بەگوێرەی یاسا سزادراون و ئازادییەکان سنوردار نەکراون."

باسی لەوەشکرد، ئەوان بەشێکی زۆری راپۆرتەکە بە ناواقیعی لەقەڵەمدەدەن ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەجێندای دیکەی لەپشتە و مەرج نییە هەر راپۆرتێکی نێودەوڵەتی کە دەنوسرێت بەتەواوی دروستبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 20ـی 3ـی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پارتی و یەکێتی دەزگای ئەمنی تایبەتیان هەیە و بەکاریدەهێنن دژی ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لێدەگرن.

لە راپۆڕتەکەدا لەسەر دۆخی ڕۆژنامەوانیش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، پارتی و یەکێتی ڕێگانادەن ئەو میدیایانەی نزیک نەبن لە خۆیانەوە زانیاریان دەستبکەوێت.

لە راپۆرتەکەدا وەزارەتەکە بە وردی هەڵسەنگاندنی کردووە بۆ ئازادییە سیاسییەکان و دۆخی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لەژێر حوکمی پارتی و یەکێتیدا. دەشڵێت، "ئێن ئاڕتی و بەشێک لە میدیاکان ڕێگریان لێکراوە ڕوماڵی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکان بکەن."

دەشڵێت، "دەستگیرکراوانی بادینان بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە و بۆ ماوەیەکی درێژ رێگریان لێکراوە کەسوکار و پارێزەرەکانیان ببینن.

دۆخی زانکۆ و خوێندنیش یەکێکی دیکەیە لەو تەوەرانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرنگیی تایبەتی پێداوە و باسی لەوە کردووە، "سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرەکان و بەرپرسانی دیکە، ئەگەر سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان نەبن ناتوانن ئەو پۆستانە وەربگرن."

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وەڵامی ئەو راپۆرتەی ئەمریکای دایەوە کە لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمدا نووسراوە و دەڵێت، "ئەمریکا گوێ لە ئۆپۆزسیۆن دەگرێت لەبری ئەوان و راپۆرتەکە دوورە لە راستییەوە."


PM:03:46:27/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت