هێمن هه‌ورامی: باشترین چاره‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی یاسای نه‌وت و غازه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق

‌هێمن هه‌ورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

وێستگه‌نیوزـ

هێمن هه‌ورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای نەوت و غازە لە پەرلەمانی عێراق و ئاماژەی بەوەکرد، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە.


رۆژی یەکشەممە 26ی ئازاری 2023، شاندێکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا پێكهاتبوو، سەردانی بەغدای کرد.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە بە کوردستان24ی راگه‌یاند: بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە.

هێمن هەورامی پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی، "رووبەڕووی هەموو ئەو تەنگەژانە ببینەوە"، تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غازە لە پەرلەمانی عێراق، کە "پێموایە بەشێکی سەرەکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە و سوودانی لە دوایین سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دووپاتکردووەتەوە".

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئێرڤین هیکس، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر لینکی راپۆرتێکی شیکاری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر 'شەیر کرد' کە هەرێمی کوردستانی بە 'هەرێمێکی کارتۆنی' وەسف کردبوو. هێمن هەورامی دەڵێت: "وەک هەرێمی کوردستان کەموکوڕیشمان هەبێت، بەڵام لە زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان پێشکەوتووترین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویست دەکات بەخۆدا چوونەوەمان هەبێت، پابەندبوونی نێردە دەپلۆماسییەکان بە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنامەی ڤیێناش گرنگە هەبێت".

راشیگه‌یاند، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی قەوارەیەکی دەستوورییە بەپێی دەستووری عێراق و لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و "ئەم جۆرە لێدوانانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستاندا نابێت".

لەبارەی دانیشتنی تایبەتی 29ـی ئەم مانگەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ناوبراو روونیکردەوە، ئەنجامی ئەو دانیشتنە هەرچی بێت، کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەبێت.


PM:02:31:27/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو