شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت: موقته‌دا سه‌در به‌داوایه‌كی كتوپڕ، دۆخه‌كه‌ ده‌شڵه‌قێنێت


وێستگه‌ نیوز-
رۆژنامه‌ی‌ شه‌رق ئه‌له‌وسه‌ت رایگه‌یاند كه‌ رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌در به‌ داواكارییه‌كی‌ كتوپڕی‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ره‌وته‌كه‌ی‌ بۆ مانه‌وه‌ له‌ عێراق، لایه‌نگران و نه‌یارانی‌ شڵه‌ژاندووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ ژماره‌ی‌ ئه‌مڕۆیدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌در به‌ بڕیارێكی كتوپڕ، گه‌شتكردن له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی ره‌وته‌كه‌ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌م بڕیاره‌ی‌ رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌در، لایه‌نگران و نه‌یارانی ره‌وته‌كه‌شی‌ تووشی شڵه‌ژان كردووه‌".

مسته‌فا یه‌عقوبی به‌رپرسی كارگێڕی له‌ حه‌نانه‌ (شوێنی‌ مانه‌وه‌ی‌ موقته‌دا سه‌در) ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ "داواكه‌ی سه‌در (مه‌حمود جه‌یاشی، حه‌یده‌ر جابری، عه‌ون ئال نه‌بی، حه‌سه‌ن عه‌زاری، جه‌لیل نوری، ئه‌حمه‌د متێری، كازم عیساوی و موئه‌یه‌د ئه‌سه‌دی) ده‌گرێته‌وه‌".

مسته‌فا یه‌عقوبی ده‌ڵێت: "به‌پێی‌ بڕیاره‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نابێت له‌م مانگی ره‌مه‌زانه‌دا گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن به‌هۆی پرسی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ردوو دۆخی تایبه‌ت و گشتی و بوونی چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ".

ئه‌م بڕیاره‌ی موقته‌دا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ناكۆكی نێوان هێزه‌ نه‌ریته‌وانه‌كان و هێزه‌ مه‌ده‌نیه‌كان له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ به‌ره‌به‌یانێكدا ده‌نگ له‌سه‌ر زۆرێك له‌بڕگه‌كانی درا، تادێت فراوانتر ده‌بێت.

دكتۆر غالب ئه‌لدعمی‌ توێژه‌ری‌ سیاسی‌ له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "دیاره‌ كه‌ موقته‌دا سه‌در له‌ قۆناغی داهاتوودا چالاكییه‌كی‌ دیاری‌ ده‌بێت ئیتر خۆی بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردن یاخود ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی دژی یاسای هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ ده‌كات".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ره‌وتی‌ سه‌در ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ بێده‌نگه‌ و له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌ن به‌تایبه‌ت دوای‌ تویته‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ موقته‌دا سه‌باره‌ت به‌ ره‌وته‌كه‌ی‌".

دكتۆر غالب ئه‌لدعمی‌ راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاره‌ داوا له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ره‌وته‌كه‌ ده‌كرێت كه‌ گه‌شت نه‌كه‌ن و وڵات به‌جێنه‌هێڵن، ئه‌مه‌ش مانای‌ زۆره‌ له‌وانه‌ كه‌ ئه‌وان هێشتا له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسیدان".


AM:10:43:24/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 33280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت