چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق له‌سه‌ر ناجێگیریی دینار و دۆلار كۆبونه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق (سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و وه‌زیران و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری) له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و دۆخی ئابوری وڵات كۆبونه‌وه‌.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران لە کۆشکی حکومی میوانداری کۆبونەوەیەکی کرد به‌ به‌شداریی له‌تیف رەشید، سەرۆک کۆمار، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی په‌رله‌مان و فایه‌ق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

" لە کۆبوونەوەكه‌دا رەوشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی نیشتمانی گفتوگۆکرا، ژمارەیەک لە پرسە گرنگه‌كانی وڵات تاوتوێکران و هه‌رچوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ باسیان لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان كردوه‌." راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ وای وتوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌، له‌باره‌ی دۆخی ئابووری و رێكاره‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییانی هەژار گفتوگۆكراوه‌، كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ناجێگیری به‌های دراوی نیشتمانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ و ژیانی خه‌ڵك دروستكردوه‌.


PM:08:24:04/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 2192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت