عەتا سەراوی بۆ وێستگەنیوز: پێم وانیە هیچ كێشەیەکی سیاسی لە کوردستان بە رێکاری یاسایی یەکلایی ببێتەوە


وێستگەنیوز_

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "پێم وانیە هیچ كێشەیەکی سیاسی لە کوردستان بە رێکاری یاسایی یەکلایی ببێتەوە." دەشڵێت، یەکێتی وەک هێزێکی سیاسی، کێشەی هەیە بەڵام نایشارێتەوە.

عەتا سەراوی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "یەکێتی وەک هێزێکی سیاسی بێ کێشە نییە بەڵام فێر نەبووە کێشەکانی بشارێتەوە چونکە بەشێک بووە لە خەڵک."

ئاماژەی بەوەشکرد، هێز و لایەنی تر هەن کێشەی "مەترسیداریان" هەیە کە دەبێتە کێشە بۆ خەڵک بەڵام دەری ناخەن.

لە وەڵامی ئەوەی دەنگۆی دروستکردنی هێزێک بە ناوی هێزی دووپشک، عەتا سەراوی بۆ وێستگەنیوزی  ئاشکراکرد، "هیچ زانیارییەکی دروستم لەسەر ئەوە نییە و دوای قسەی سۆشیال میدیا ناکەوم، بەڵام لە کوردستان زۆرن هێزی چەکداری ناحکومی، رێی تێئەچێت خەڵکی تریش بیر لە دروستکردنی هێزی چەکدار بکاتەوە. بەڵام بە فەرمی نەمبیستووە"

وتیشی، هۆکاری دروستکردنی چەکداری "ناحکومی" ئەوەیە وەزارەتی پێشمەرگە نەبووە بە هێزێکی یەکگرتوو و نەمانتوانیوە لە ژێر چەتری موئەسەسەیەکی حکومی هەموو هێزەکان کۆبکەینەوە. بۆیە خەڵکیش "حەق بە خۆی دەدات کە هێزی چەکدار دروستبکات." 

سەبارەت بە سکاڵاکەی لاهور شێخ جەنگی لە بەغدا، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، "پێم وانیە كێشەی سیاسی لە کوردستان بە شێوازی یاسایی یەکلایی ببێتەوە. بەداخەوە پێشتر هەموو لێکترازانەکان بە شەری ناوخۆ و خوێن یەکلایی دەبووەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەم کێشانەی ناو یەکێتی لە 2009ـەوە هەتا ئێستا کە لێکترازان روویداوە، پەلامار بۆ چەک نەبرا."

بینەری تەواوی لێدوانەکەی عەتا سەراوی بە:

 


PM:04:13:30/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت