داواکاری گشتی ئێران: پێداچوونەوە بە یاسای حیجابدا دەکرێت

‌وێنە: AFP

وێستگه‌نیوزـ

پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری ئێران پێداچوونەوە بە یاسای حیجابی ئەو وڵاتەدا دەکەن و لە رۆژی چوارشممەی رابردووش لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی ئێران بۆ ئەو پرسە کۆبوونەتەوە و داواکاری گشتیش دەڵێت، "لە ماوەی دوو هەفتەی دیکە ئەنجامەکان دەخەنەڕوو".


ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران پێداچوونەوە بە یاسای حیجابدا دەکەن، هەمان ئەو یاسایەی خۆپیشاندانەکانی ئێستای بەهۆوە هەڵگیرسا و بۆ ماوەی دوو مانگە بەردەوامی هەیە.  

بەپێی راگەیەندراوی محەمەد مونتەزەری، داوکاری گشتی ئێران، پەرلەمان و دەستەی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پێداچوونەوە بە یاساکەدا کاردەکەن و وتیشی، "یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە".

ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتەی دیکە ئەنجامەکانی هەموارکردنەوەی یاسای حیجاب دەخرێنەڕوو.

جێگای ئاماژەیە، داواکاری گشتی ئێران وردەکاری زیاتری لەسەر رێکاری هەموارکردنەوەی یاسای حیجاب نەخستەڕوو.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی ئاژانسێکی هەواڵی ئێرانی، دەستەی راسپێردراوی پێداچوونەوە لە لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی ئێران لە رۆژی چوارشممە کۆبوونەتەوە لەسەر پرسی پێداچوونەوە بە یاسای حیجاب.

چاودێرانی سیاسیش باس لەوەدەکەن، دەسەڵاتدارانی ئێران کەوتوونەتە جووڵە بۆ ئاسایکردنەوەی ئەو دۆخانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینی بەرپا بووە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە مانگی ئەیلولی رابردوو ژینا ئەمینی، تەمەن 22 ساڵ بە تۆمەتی جلوبەرگی نایاسایی لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە دەستگیر کراو و لە بنکەی پۆلیس گیانی لە دەستدا و لەئەنجامدا خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و تا ئێستا بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 500 کەس کوژراون.


AM:10:52:04/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 3704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت