سوید کۆچبەرێکی سیاسی کورد رادەستی تورکیا دەکاتەوە


وێستگەنیوز_

هێزە ئەمنییەکانی سوید، کۆچبەرێکی سیاسیی کوردیان رادەستی تورکیا کردەوە، کە تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، کۆچبەرێکی سیاسی بەناوی محەممەد تات، تەمەن 22 ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سویدەوە رەوانەی تورکیا کراوەتەوە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراوە.

ئاژانسەکە دەڵێت، محەممەد تات، کوردە و تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێشتر لەلایەن حکومەتی تورکیا سزای زیندانیکردنی شەش ساڵ و 10 مانگی بۆ دیاریکراوە، بۆیە لە ساڵی 2015 تورکیای جێهێشتووە و چووەتە وڵاتی سوید و داوای مافی پەنابەری کردووە و حکومەتی سوید ئەو مافەی پێنەداوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2022ـدا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژۆ کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.

رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا، دوای ئەوە هات کە هەردوو وڵات داوای ئەندامبوونیان لە ناتۆ کردبوو، تورکیاش ببوو بە ئاستەنگ لەبەردەم داواکەیان بەڵام پاش رێککەوتنەکە ئیدی ئەو وڵاتە رەزامەند دەبێت. 


AM:09:30:03/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 1456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت