تەندروستیی شارباژێر: لە بۆردوومانەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەش کەس بریندارن و یەکێکیش بێسەروشوێنە


وێستگەنیوز_

بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای شارباژێر رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەر چیای ئاسۆس کەسێک گیانی لەدەستداوە، شەش کەس بریندارن و کەسێکیش بێسەروشوێنە. 
 
ئەمرۆ هەینی 2ـی 12ـی 2022، ئاوات مەحمود، بەڕێوەبەری تەندروستیی شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو بۆردوومانەی کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن درۆنی تورکیاوە کرایە سەر چیای ئاسۆس و لە نزیک گوندی گەڵاڵە، شەش کەس برینداربوون، کەسێکی تەمەن 55 بۆ 60 ساڵی بەناوی عەزیز محەممەد شەهید بووە و کەسێکی دیکەش هێشتا چارەنووسی دیار نییە کە ئایا ئەویش شەهید بووە یان نا، سەرجەم قوربانییەکانیش خەڵکی سڤیلن." 
 
ئاشکرایکرد، ئەوانە کە ژمارەیان هەشت کەس بوون، بوون بە دوو گرووپەوە، گرووپێکیان دوو کەس بوون و هەردووکیان برینداربوون، گرووپێکی دیکە شەش کەس بوون، چواریان برینداربوون و یەکێکیان شەهیدبووە و یەکێکی دیکەیان هێشتا چارەنووسی نادیارە. وتیشی: "ئەوان بۆ راوکردن چوونەتە ناوچەکە کە شوێنێکی تەواو عاسی و سەر سنوورییە و گەیشتن بەو شوێنە ئاسان نییە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە کە نزیکەی کاتژمێر و نیوێک دەبێت لە ئێمەوە دوورە؛ تیمەکانی ئێمە ناتوانن بگەنە ئەو شوێنە، بەڵام ژمارەیەک هاووڵاتی و کەسوکاری ئەو قوربانییانە گەیشتوونەتە لایان و کاردەکەن بۆ ئەوەی بیانگەیێنن بە تیمە تەندروستییەکان و ئەمبوڵانسەکانی ئێمە." 
 
ئەمڕۆ هەینی کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، بۆردوومانی ناوچەیەک لە نزیک گوندی گەڵاڵە لە چیای ئاسۆس کرا و لەو کاتەشدا ژمارەیەک کەس لەوێ بوون. هێشتا دیارنییە بۆردوومانەکە لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە بووە یان درۆن، بەڵام کوژراوێک و بریندارێک پشتڕاستکراونەتەوە." بەڵام بەڕێوەبەری تەندروستیی شارباژێر دەڵێت، هێشتا درۆن لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە. 
 


PM:04:18:02/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو