پلاسخارت و باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبوونەوە


وێستگەنیوز-

ئاژانسی ئێرنای ئێرانی بڵاویکردەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبوونەتەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کردووە.

 
رۆژی پێنجشەممە 1-12-2022، جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە باڵیۆزخانەی ئێران کۆبوونەوە.

بەپێی ئاژانسی ئێرنای ئێرانی "هەردوولا باسیان لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ناوچەکەش کردووە، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکان و پشتیوانیکردنی عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی ئەم وڵاتە."
 
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسە ئێرانییەکە پلاسخارت لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە "رۆڵی ئەرێنی"ی هەماهەنگی نێوان ئێران و عێراقی کردووە لە بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیپێدانی کردووەتەوە.
 
لای خۆشیەوە محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێرانی بە "هەنگاوێکی گرنگ و نایاب" وەسف کردووە.
 
باڵیۆزی ئێران داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی و هەرێمی، هەروەها ئاماژەی بۆ کاریگەریی ئاسایشی عێراق لەسەر ئاسایشی دراوسێیەکانی و سەقامگیریی ناوچەکە کردووە.
 
رۆژی 29ى تشرینى دووەمى 2022، محەممەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە لایەن سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتەوە پێشوازى لێکرا.


AM:09:59:02/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت