شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: دەبێت دادپەروەری ھەبێت لەنێوان ئێزدییە رزگاربووەکان


ویستگەنیوز_

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد چاویکەوت بە سەراب ئەلیاس، بەرێوەبەری گشتی رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق.

لەو دیدارەدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد رایگەیاند، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان یاسای رزگاربووانی ئێزدی بوو کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تێپەڕی، بەڵام گرنگ لە جێبەجێکردنیدایە، کە تائێستا بەشێک لە بڕگەکانی ئەو یاسایە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێنەکراوە و دەبێت ھەوڵبدرێت بە زووترین کات ئەو بڕگانەش جێبەجێبکرێن و دادپەروەری ھەبێت لەنێوان ئێزدییە رزگاربووەکان.

ھاوکات بەرێوەبەری گشتی رزگاربووانی ئێزدی سوپاسی خانمی یەکەمی عێراقی کرد کە پشتیوانی سەرەکی کچان و ژنانی ئێزدی بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری نەھامەتییەکانیان بووە، داواشیکرد پشتیوانییەکانی لە داھاتوودا بەردەوام بێت.

وتیشی، لە یاسای ئاسایشی خۆراک بودجەیەک بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربووانی ئێزدی دانرابوو، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرجنەکراوە. داواشیکرد کارئاسانی بکرێت لە دەستنیشانکردنی رزگاربووەکان و ئەو ئاستەنگ  و رۆتینانەی کە ھەیە نەمێنێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە کەمترین کاتدا ھاوکاری بکرێن. 


PM:05:37:01/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 2304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت