نەتەوە یەکگرتوەکان: نیگەرانین لە هەوڵی چەند لایەنێک بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا


وێستگەنیوز-

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا رایگەیاند، نیگەرانن لە هەوڵی هەندێک لایەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا، دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە هێوربونەوەی دۆخی سوریا و زیادبونی سەرنجی لایەنەکان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی، بۆیە داوا لە هەمو لایەنەکان دەکەن گرژییەکان رابگرن.


ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا کۆبوەوە، گیر پێدرسۆن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا لە کۆبونەوەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، دۆخی ئێستای سوریا لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە و گریمانەی زیادبونی شەڕ و پێکدادانی زیاتر دەکرێت، لەکاتێکدا سوریا پێویستی بە گرژی و هێزی سەربازی نییە بەڵکو پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسی هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی داواشی لە وڵاتانی گەرەنتیکاری دۆخی سوریا کرد لە سەرەتای ساڵی نوێدا جارێکی دیکە هەوڵەکان بۆ نوسینەوەی دەستور دەستپێبکەنەوە، چونکە بەردەوام بونی ئەو دۆخە وادەکات هەزاران هاوڵاتی سوری روبەڕوی پێشلکاری ببنەوە، لە هەمانکاتیشدا داوا دەکات هەموان گرژی سەربازی لە سوریا رابگرن.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا وتی، نیگەرانە لە هەوڵی چەند لایەنێک بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دوای سێ ساڵ لە هێوربونەوەی دۆخی سوریا بەڕێژەیەکی سنوردار، بۆیە داوا لە هەمو لایەنەکانی سوریا دەکات هێورببنەوە و دانبەخۆیاندا بگرن، چونکە زیادبونی گرژی لە سوریا ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.


PM:07:47:29/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو