خامنەیی بۆ سودانی: بە داخەوە ئێستا لە بەشێکی خاکی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران هەیە


وێستگەنیوز-

عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران چاوی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت و رایگەیاند  بە داخەوە ئێستا لە بەشێکی خاکی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران هەیە و  تەنها رێگا چارەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە بۆ ئەو ناوچانە.


لە ئێستادا محەمەد شیاع سودانی، وەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لەسەر بانگهێشتی ئیبراهیم  رەئیسی ، سەرۆک کۆماری ئێران لە تارانە.

 لە دیدارەکەدا خامنەیی جەختیکردەوە: پێشکەوتنی عێراق و گەیشتنی بە پێگەی بەرز و راستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندی ئێرانە، لەو بڕوایەداین تۆ ئەو توانایەت هەیە تا ئەو کارە بکەیت.
هەروەها خامنەیی ئەوەشی بە سودانی وتووە، "هەڵبژاردنی ئێوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێرق، مایەی دڵخۆشیمانە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "عێراق باشترین دەوڵەتی عەرەبییە لە ناوچەکەدا لە رووی هەبوونی سامانی سروشتی و مرۆییەوە، پێشینەیەکی مێژوویی و شارستانی هەیە، بە داخەوە لەگەڵ ئەو مێژووەی هەیەتی نەیتوانیوە لە پێگەی بەرز و راستەقینەی خۆیدا بێت".

خامنەیی باسی لەوەش کردووە، بە داخەوە ئێستا لە بەشێکی خاکی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران هەیە، تەنها رێگا چارەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە بۆ ئەو ناوچانە.

ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دووپاتیشیکردووەتەوە، "هەر لایەنێک مەبەستی تێکدانی ئاسایشی عێراقی هەبێت، ئێمە بۆ پاراستنی عێراق سنگی خۆمان دەکەینە قەڵغان".

"ئاسایشی عێراق، ئاسایشی ئێرانە هەرچۆن ئاسایشی ئێران کاریگەری لەسەر هەبوونی ئاسایش لە عێراق هەیە". عەلی خامنەیی لە دیدارەکەدا وای وتووە.

 لای خۆشیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی داوە، بە پێی دەستوور بەهیچ جۆرێک رێگا نادەین خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ئێران بەکاربهێنرێت


PM:06:52:29/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو