بەڕێوەبەری خۆسەر: بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە 22 هەزار قوتابی لە خوێندن دابڕاون


وێستگەنیوز-

رۆژی سێ شەممە، دەستەی پەروەردەو خوێندن لە بەرێوەبەری خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، ئامارێكی بڵاوكردەوە لەبارەی كاریگەری هێرشەكانی توركیا بۆ سەر پرۆسەی خوێندن، كە بۆتە هۆی داخستنی ژمارەیەك قوتابخانەو بێبەشكردنی زیاتر لە 22 هەزار قوتابی لە خوێندن.


دوا بە دوای وێرانكردنی قوتابخانەیەك بە تەواوەتی لە كۆبانی و زیان گەیاندن بە سێ قوتابخانەی دیكەش‌، دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا سەركۆنەی بە ئامانجكردنی قوتابخانەكانی كرد لەلایەن توركیاو تۆقاندنی قوتابیان و كەسوكاریان.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سوپای توركیا بە تۆپخانەی قورس گوندەكانی كۆبانێی بە توندی بۆردوومانكرد بەو هۆیەشەوە قوتابخانەیەك لە گوندی كوران بە تەواوەتی وێرانبوو، هەروەها چەند خانووبەرەیەكی هاوڵاتیانیش رووخان.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی ئەو قوتابیانەی بە هۆی هێرشەكانی توركیا بێ بەش‌ بوون لە خوێندن لە ناوچەكانی عەفرین و كۆبانی و جەزیرەو مونبیج گەیشتۆەتە 21843 قوتابی، هەروەها 243 قوتابخانەش داخراون.

بەیاننامەكە داوای لە دەستەو رێكخراوە نێودەوڵەتی مرۆڤایەتی و ماف پەروەرەكانی تایبەت بە پەروەردەو خوێندن و منداڵان كرد، سەركۆنەی ئەو هێرشانەی توركیا بكەن كە هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێر خانی ئابووری و دامەزراوە گشتییەكان دەكەنە ئامانج و كار بكەن بۆ راگرتنی.


PM:06:31:29/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو