شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ بودجه‌و پشكی هه‌رێم، سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمیش زانیاری زیاتر ده‌دات.


فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە زاری جووتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە بڵاویکردووەتەوە: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ـی تشرینی دووه‌می 2022، له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی بودجە، پێشمەرگە، ماددەی 140 و نەوت، سەردانی بەغدا دەکات.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ئاوات شێخ جه‌ناب وەزیری دارایی، كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دارا ره‌شید، وەزیری پلاندانان، ئومێد سه‌باح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ره‌حیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عه‌بدولحه‌كیم خسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق دوای پێكهێنانی له‌لایه‌ن  محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، هه‌ردوولاش چه‌ندین جار جه‌ختیان له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سه‌ردانه‌كه‌ لەسەر راسپاردەی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان.

به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ دانراوه‌،  ئەمڕۆ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌، بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکرێت بۆ نووسینەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2023.

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان ئەوەیە لەم سەردانەیاندا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق کۆببنەوە.


AM:11:23:27/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو