رۆژنامەی حورە راپۆرتێکی شیکاری دەربارەی بریاری جێگیرکردنی سوپای عیراق لەسەر سنوور بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز_ هێڤار

لە بەرامبەر ئەو مەترسییە ئەمنییانەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر کوردستانی عێراق دروستی کردووە، بەغدا بڕیاریدا هێز لەسەر سنوورەکانی تورکیا و ئێرانی دراوسێ جێگیر بکات.

ماوەیەکە سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەو شوێنانە دەکات کە دەڵێت: "شوێنگەلێکی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی ئێرانن"، هاوکات تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی لە دژی ئەو شوێنانەی کە بە وتەی خۆی شوێنی "پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەلن" لە باکووری عێراق و سوریا دەستپێکردووە.

وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، یەحیا ڕەسوڵ ئەلزوبەیدی، بە رۆژنامەی حورەی ڕاگەیاندووە، ئەو هێزانەی کە لەسەر سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جێگیر دەکرێن ئامانجیان ئەوەیە "هێڵی سفری جیاکردنەوەی عێراق و تورکیا و ئێران لەو ڕێگەیەوە ڕابگرن". هەروەها دووبارە جێگیرکردنەوە و بەهێزکردنی بنکە سنوورییەکانە."

ڕوونیشی دەکاتەوە کە ئەو هێزانە، "سنوورەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن و ڕێگری لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی دزەکردن دەکەن و ئەمنیەتی زیاتریش دەدەن بە ناوچە سنوورییەکانی عێراق".

یەحیا ئەلزوبەیدی جەختی لەوە کردەوە کە، بڕیارە سەربازییەکەی عێراق دۆخەکە لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و ئێرانی دراوسێ "هێمن" دەکاتەوە، بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە  پەیوەندییەکی باش و گەورە و دیپلۆماسییان لەگەڵ عیراقدا هەیە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموانییە" ئەم بڕیارە بە مانای "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و تورکیا" بێت، بەتایبەتی کە هێزە عێراقییەکان هەوڵدەدەن "بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و پاراستنی خاکی وڵات، و ڕێگری لە هەر لایەنێک دەکەن کە خاکی عێراقییەکان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربێنن." 

لای خۆشییەوە، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانەکانیدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی هیوادارە "خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئێران بەکارنەهێندرێت".

هاوکات، سامان نوح، لێکۆڵەری سیاسیی پێی وایە کە، دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکان لەسەر سنوور "هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئێران".

سامان ڕوونی دەکاتەوە، هۆکاری ئەوەی ئەم هەنگاوەی بە "سەرەتایی" وەسف کردووە، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە وەستاندنی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران پەیوەندی بە ڕێگریکردن لە "دزەکاران و قاچاخبردنی چەک لە نەیارانی ئێران، بەپێی تۆمەتەکانی ئێران" نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە هەیە.

تاران ئەر گرووپە ئۆپۆزسیۆنانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە دزەکردن لە عێراقەوە هێرشیان کردووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی و بوونەتە سووتەمەنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کە لە دوای مردنی مەهسا ئەمینی لە 16ـی ئەیلولی 2022، سەریهەڵداوە.

سامان پێی وایە "ئێران دەیەوێت قەیرانە ناوخۆییەکانی هەناردەی دەرەوە بکات، هەر بەو هۆیەشەوە دەڵێت "ئۆپۆزسیۆنی کوردانی رۆژهەڵات لەسەر خاکی عێراق ئامادەن، هەرچەندە لە واقیعدا ئەم ئۆپۆزسیۆنە چەکدار نییە و هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجام نادات". هەروەها بۆ ماوەی سێ دەیە لەم ناوچانەدا بوونیان هەبووە و پێشتر هیچ کێشەیەکیان بۆ ئەو وڵاتە دروستنەکردووە.

بوونی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، زۆرجاریش لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێن، سەرۆکی ئەوکاتی عیراق لە ناوەڕاستی شەڕی لەگەڵ ئێراندا پشتیوانی لێدەکرا، هاوکات زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری پەنابردنیان بۆ عێراق ئەو پەیوەندییە نزیکە دەگەرێتەوە کە کوردانی عیراق و ئێران یەکدەخەن.، بەتایبەتی کە هەردووکیان بە شێوەزاری کوردی سۆرانی قسە دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاساو بۆ بۆردومانکردنی گرووپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە کوردستانی عێراق هێنایەوە و ڕایگەیاند: "هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ خۆپاراستن لە گرووپە تیرۆریستییەکان".

وە نوێنەرایەتی ئێران لە پەیامەکەیدا درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "ئەم گرووپانە لەم دواییانەدا چالاکییەکانیان چڕتر کردووەتەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی بڕێکی زۆر چەکیان بۆ ئێران گواستووەتەوە بۆ پڕچەککردنی گروپە سەر بە خۆیان کە بەنیازن کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن".

سەبارەت بە تورکیا، بە وتەی سامان نوح، ڕەنگە ئەم جێگیرکردنی هێزەی عیراق ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەم بکاتەوە بەڵام تورکیا هیرشەکانی هەر ئەنجامدەدات چونکە بە ناوچەی ستراتیژی و گرنگی سەردەمی عوسمانی دەزانێت. 

ڕۆژی 21ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق "ئیدانەی توندی" خۆی بۆ بۆردومانەکەی ئێران دەربڕی کە بنکە و بارەگاکانی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کردە ئامانج و ڕەتیکردەوە عێراق ببێتە "گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان".

بۆ بینینی راپۆرتەکە بە عەرەبی، کلیک بکە


PM:05:12:25/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 2728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت