حه‌لبوسی: هاوپه‌یمانی سێقۆڵی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌

‌محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی دەستیپێکردووە و ئەوەشی خستەڕوو بە دەستپێکردنی دانوستانەکان ناڕەزایەتییکان روویان لە کەمبوونەوە کردووە و هێشتا محەمەد شیاع سودانی، کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و دەشڵێت، "هاوپەیمانی سێ قۆڵی کۆتایی پێ هاتووە".

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە رایگەیاندووە، هاوپەیمانی سێ قۆڵی کە لە فراکسیۆنی سەدر و سەروەری و پارتی پێکهاتبوو کۆتایی پێ هاتووە بە کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان.

دەشڵێت، "هیچ کەسێک نییە بتوانێت رەوتی سەدر تێبپەڕێنێت و گرنگە پەرلەمانی عێراق دەست بە بەرێکردنی کاروبار و ئەرکەکانی بکاتەوە".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، دەستلەکارکێسانەوەی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پەیوەندی بە بڕیاری تاکەکەسی خۆیەوە هەبووە و پێشنیازی هیچ لایەنێک نەبووە و گرنگی بوونی گەورەترین فراکسیۆن و فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی دووپاتکردەوە.

باسی لەوەشکرد، هەموو لایەنە سیاسیەکان پێویستە بەبێ بوونی مەرجی پێشوەخت بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و ناکرێت ناکۆکی سیاسی ببرێتە دەرەوەی پەرلەمان و دەشڵێت، "پاڵپشتیەکانی ئەمریکا لە ئێستادا تەنها میدیاییە نەک واقیعی و سەقامگیری عێراق لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکادا نییە".

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، رۆژی پێنجشەممە نیگەرانییەکی زۆر شەقامەکانی بەغدای پایتەختی عێراقی گرتەوە و هەزاران خۆپیشاندەری لایەنگرانی سەدر چوونە گۆڕەپانەکانی ئەو شارە و ئەم گرژیەش هاوکاتبوو لەگەڵ دانیشتنی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆک پەرلەمانی عێراق.

جێگای ئاماژەیە، بەهۆی پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنیەکانی ناوچەکە و خۆپیشاندەران نزیکەی 130 کەس برینداربوون.


PM:02:06:30/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو