(وێنە) لە عێراق هەڵمەتێک دژ بە حیجابی زۆرەملێ لە خوێندنگاکان بەڕێوەدەبرێت

‌هەڵمەتی: نا بۆ پۆشینی حیجابی زۆرەملێ لە عێراق

وێستگەنیوز-

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دژ بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سەقز، کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13ی ئه‌یلولی 2022، لەلایەن هێزەکانی (بەرەنگاربوونەوەی‌ پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی‌)ییەوە دەستگیرکرا و دواتر نیوەڕۆی هەینی 16ی ئه‌یلول، لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران، گیانی لە دەستدا، لە عێراقیش دوای ئەوەی قسەوباس بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە خوێندنگاکان بڵاوبوویەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵمەتێک بە هاشتاگی (نا بۆ حیجابی زۆرەملێ) بەڕێوەدەچێت.

راپۆرتێکی BBC باس لەوە دەکات، بەشێک لە ژنە چالاکوانانی عێراق بەناوی (ژنان بۆ ژنان) هەڵمەتێکی ناڕەزایەتییان بەڕێخستووە دژ بە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە خوێندنگاکاندا و داوادەکەن وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی بڕیارێک دەربکات، کە تیایدا (پۆشینی حیجاب وەک مەرجێک بۆ وەرگرتن لە خوێندن) قەدەغەبکات و سزای ئەوانەش بدات کە بەزۆر دەیسەپێنن. 

جێگای ئاماژەیە لە ئێستادا هیچ یاسا و بڕیارێک نییە بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرە ملێ لە خوێندنگاکانی عێراقدا، بەڵام وەک ژنە چالاکوانەکان باسی دەکەن، ئەو بڕیارە لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنگاکان و مامۆستاکانەوە دەدرێت.

دینا ئەیوبیی بەڕێوەبەری ئەو هەڵمەتە دەڵێت: "ئەو هەڵمەتە دوای ئەوەهات، کە کۆمەڵێک سکاڵا گەیشتە دەست چالاکوانانی ژنان، سەبارەت بە پۆشینی حیجابی زۆرەملێ لەژێر هەڕەشەی گواستنەوە لە خوێندنگاکە، لێدان و قسەی ناشرین، یاخود ناچارکردنی ئەو خوێندکارانە بە پاککردنەوەی خوێندنگاکە، یاخود فەسڵکردنیان بەناوی غیاب و شکاندنی نمرە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنگاکانەوە". 

بە وتەی ئەیوبیی، هەڵمەتەکە ئەکاونتێکی لە ئینستاگرام هەبوو، بەڵام کەسانی دژ بەو هەڵمەتە سکاڵایان کرد و توانیان دایبخەن. 










AM:10:25:22/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت