دەزگای لوتکە: بەڵگە نییە کە هیچ کوردێک لە بەلەمە نقوومبووەکەی یۆناندا بوبێت


وێستگەنیوز_
 
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە کە هاوڵاتی هەرێمی کوردستان یان هاوڵاتی عێراقی لەو بەلەمەدا بووبێت کە هەفتەی رابردوو لە نزیک دوورگەیەکی یۆنان نقوومبوو.
 
ئەمرۆ چوارشەممە 17ـی ئابی 2022، دەزگای لوتکە لەبارەی نقوومبوونی بەلەمێک بە 80 کۆچبەرەوە لە نزیک دوورگەی کارپاتۆس رایگەیاند، "تائێستا بە هیچ شێوەیەک نە لە کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکان و نە لە کۆچبەرە رزگاربووەکان هیچ هاوڵاتییەکی عێراقی و کورد تۆمارنەکراوە".
 
هەر سەبارەت بەو رووداوە، رۆژێک دوای رووداوەکە بەرپرسانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان رایانگەیاند، دوای رووداوەکە دەستیان بە هەوڵێکی جددی کردووە بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە و لە قۆناغی یەکەمدا 29 کەسیان رزگارکردووە کە هەموویان پیاون و هاوڵاتییانی عێراق، ئەفغانستان و ئێرانن.
 
لە بەرامبەردا دەزگای لوتکە ئاشکرایکردووە، "دوای بەدواداچوونێکی ووردی نوێنەرانی دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان و تورکیا و بەردەوام لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتی یۆنان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی یۆنان و تورکیا، هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە کە بڵێت کۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لەو بەلەمەدا هەبووە".


PM:04:50:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت