پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ تورکیا و ئیسرائیل رایانگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوانیان تەواو ئاسایی دەبێتەوە و باڵیۆزەکانیان دەچنەوە بۆ تەل ئەبیب و ئەنقەرە.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، ئەمەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی لەنێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یائیر لابید و سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دێت. 

لە کۆنگرەی باڵیۆزە تورکەکانیشدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوە کردۆتەوە، کە نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، بوار بۆ یارمەتی (برا فەلەستینییەکانیان) دەڕەخسێنێت. 

لە وتەکەیدا ئەردۆغان وتی: "هیچ پاساوێک نییە بۆ کووشتنی منداڵان"، بەڵام ئەمجارە لە قسەکانیدا زمانێکی نەرمتری لەچاو رووداوەکانی رابردوودا، بەکارهێنا و ئیسرائیلی تۆمەتبار نەکرد.

جێگای ئاماژەیە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوای رووداوی کەشتیی مەڕمەڕە لە ساڵی 2010، بەرەو خراپیی چوو، کاتێک سوپای ئیسرائیل تەقەی لێ کرد و بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە.

جێگای ئاماژەیە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە کاتێک بەرەو باشبوون رۆیشت، کە لە چەند مانگی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە سەردانی یەکتریان کرد.

لەم مانگەشەدا ئیسرائیل دوای سێ ساڵ لە داخستنی، جارێکیتر نوسینگەی ئابووریی خۆی لە تورکیا کردەوە.


PM:03:12:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت