عەلی حەمەساڵح: پێدانی کامیراکانی چاودێری تیژڕەوی بە کەرتی تایبەت پێچەوانەی یاسایە


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ چوارشەممە عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند، "ئەمە 17ـەمین جارە لەسەر بەرگری لە مافی گشتی سکاڵام لەسەر تۆماربکرێت و جاری پێشووش پاش سێ رۆژ ئامادەی دانیشتنەکانی دادگا بووم."

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "171 دۆسیەی گەندەڵیم لە لوتکەی دەسەڵاتەوە کە سەرۆکایەتی حکومەتە بۆ خوارەوە داوە بە دادگا، کە پەیوەستە بە ملیارەها دۆلار و دۆسیەی نەوت بەڵام کەسیان ئامادەی دادگا نابن و باوەریان بەو سەروەری یاسایە نییە کە باسی دەکەن."

سەبارەت بەو دانیشتنەی ئەمرۆی دادگا، دەڵێت، "ئێمە هیچ تەشهیرێکمان نەکردووە، گرێبەستێك کراوە کە پێچەوانەی یاسایە، نابێت هەرگیز سزا بدرێتە کەرتی تایبەت." دەشڵێت، "ئەمە بە بریاری سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کراوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، هێنان و دانان و بەرێوەبردن و جێگیرکردنی 225 کامێرا لە سنووری سلێمانی لە قۆناغی کۆتاییدایە بدرێتە کەرتی تایبەت. ئەم کۆمپانیایە بە شێوازی "پۆینت تو پۆینت" لە سنووری هەموو سلێمانی دادەنرێت واتە سنووری ئیدارەی گەرمیان،راپەرین و هەڵەبجە.

وتیشی، "لە کاتێکدا من خۆم 5 ساڵە داوایەکم تۆمارکردووە 96 کامێرای دیاریکردنی تیژرەوی هەبووە دیار نەماوە و یەکی بە 74 ملیار دینار لە داهاتی سلێمانی کڕدراوە، واتە کامێرای حکومەت دیار نەماوە." 

عەلی حەمە ساڵح دووپاتیدەکاتەوە کە، "دەبێت سزا بە یاسا بێت، خۆی دیاریکردنی سزای تیژڕەوی لە هیچ یاسایەک نییە، چ جا بگات بەوەی بدرێت بە کۆمپانیای تایبەت."

پرۆژەکەش بە جۆرێکە، دەبێت مانگانە کۆمپانیا پارەی خۆی وەربگرێت، واتە ئێستا کە هاوڵاتی سەرپێچی دەکات، هەتا ئیشی بە بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆ نەبێت، ناچێت سزاکەی بدات. بەڵام ئەوکات دەبێت لە داهاتی سلێمانی هەموو مانگێک 14 ملیار دینار بدرێتە کۆمپانیا، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی ئەم سنوورە دابەشناکرێت."

ئاشکراشیکردووە، زۆربەی داهاتی ئەو کامێرایانە بۆ کۆمپانیایە لە سەرەتادا، بە جۆرێک ئەگەر ملیۆنێک سزا هەبێت، دەبێت 700 هەزار دیناری بۆ کۆمپانیا بێت."

ئەو ئەندام پەرلەمانە وتیشی، "شتێکتان بە روونی پێ بڵێم!، ئەمە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کردویانە و بریاریان لێداوە، ئەم سنوورە بۆ کۆمپانیایەک و سنووری هەولیر و دهۆک بۆ یەکێکی دیکە بێت. هەروەها لە مانگێکی دیکەوە پرۆژەکە لە هەولێریش دەستپێدەکات."

لە کۆتاییشدا جەخت دەکاتەوە لەوەی، "هیوادارم ئەمە رابگیرێت، چونکە ئەمە سەربگرێت ئیتر هەموو شتێک دەدرێت بە کەرتی تایبەت و لەسەر حسابی خەڵک، کۆمپانیایەک دەبێتە ملیاردێر."


PM:02:17:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو