وەزیرەکەی سەدر بۆ هەماهەنگیی: پارێزگاریی لە چ دەوڵەتێک دەکەن؟


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ ساڵح محەمەد ئەلعێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر، هێرشی کردە سەر هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پێیوتن: ئێوە پارێزگاریی لە چ دەوڵەتێک دەکەن؟

لە بەیاننامەیەکدا وەزیرەکەی سەدر دەڵێت: "دەڵێن: خۆپیشاندانەکانی چاکسازیی، دیموکراسیی نین. ئێمەش دەڵێین: کەواتە خۆپیشاندانەکانی ئێوەش دژ بەوەی پێتان دەوت (ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا) دیموکراسیی نین".

هەروەها دەشڵێت: "دەڵێن: خۆپیشاندانەکانی ئێستا بۆ چاکسازیی، دەستووری نییە. ئێمەش دەڵێین ئەی دەستوور زامنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی نەکردووە؟".

سەبارەت بە پەکخستنی پەرلەمانیش، وەزیرەکەی سەدر دەڵێت: "ئایا (سێیەکی پەکخەر) و نەچوونتان بۆ هەندێک لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، پەرلەمانی پەک نەخست؟ خۆپیشاندانەکانی ئێستاش دژ بە پەرلەمانێکی پەکخراوە، کە توانای یاسادانانی نییە.

هەر ەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێستا، وەزیرەکەی سەدر ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەگەر خۆپیشاندانەکانی ئێستا نەبوایە لەبەردەم پەرلەماندا، ئایا چوارچێوەی هەماهەنگیی بەو هەموو خیلافانەی لەگەڵ هەموو ئەوانیتردا هەیەتی، دەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت؟

پاشان سەبارەت بە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان دەڵێت: "دەڵێن: خۆپیشاندانەکان بەهۆی بوونی مانگا و ئاژەڵەوە شارستانیانە نین،. ئێمەش دەڵێین راستە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەسەر ماڵی سەرۆک وەزیرانەوە. ئایا کامیان خراپترە؟". 

لە کۆتاییشدا وەزیرەکەی سەدر دەڵێت: "پارێزگاریی لە چ دەوڵەتێک دەکەن؟ عێراق بێ کارەبا و خزمەتگوزاری و ئاسایشە. تلیاک عێراقی پڕکردووە و چەک لەدەستی هەموو کەسێکدایە و پارەی دەوڵەت دزراوە. وا ئاوی رافیدەین وشک دەکات و گوندییەکان دێکانیان چۆڵ دەکەن و رۆژ بە رۆژ تاوان زیاد دەکات و عێراق لە گۆشەگیریدایە بەهۆی هەڵسوکەوت و خراپەی ئێوەوە، دە ئیتر بەس پێبکەنن بە ریشمان".


AM:11:46:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو