خانمە بلۆگەرێکی مەغریبیی بڕیاری دوو ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو


وێستگەنیوز-

بەتۆمەتی پشتگیریکردن لە ئیسرائیل و سوکایەتی کردن بە ئاینی ئیسلام، دادگایەکی وڵاتی مەغریب بڕیاری 2 ساڵ زیندانیی بۆ خانمە بلۆگەرێکی ئەو وڵاتە بەناوی فاتمە کەریم دەرکرد.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، دەنگۆی ئەوە هەیە، کە فاتمە کەریم باوەڕدارێکی تووندی ئاینی ئیسلام بووە و چۆتە سەر ئاینی جوو. دوای ئەوەی لە مانگی رابردوودا، لە گەشتێک دەگەڕێتەوە لە وڵاتی ئیسرائیل، بەهۆی ئەو پۆستانەی لە سۆسیال میدیا کردوونی و تیایدا رای خۆی سەبارەت بە هەندێک ئایەتی قورئان و دەقی تر دەربڕیوە، دەستگیردەکرێت.

لەوبارەیەوە بوعزەی برای فاتمە رایگەیاند، کە خوشکەکەی هەوڵیداوە قەناعەت بە دادگا بکات، کە ئەو تەنها گوزارشتی لە رای خۆی کردووە و دەستوری وڵاتیش ئەو مافەی دەداتێ، بێئەوەی مەبەستی هیچ سوکایەتییەک بێت بە ئاین. پاشان داوای لێبووردنیشی لە هەموو ئەوانە کردووە، کە هەست دەکەن سوکایەتی بە ئاینەکەیان کراوە.

جێگای ئاماژەیە بەپێی یاسای تاوانەکانی مەغریب، هەر کەسێک سوکایەتی بە ئاینی ئیسلام بکات، لە شەش مانگ بۆ دوو ساڵ زیندانیی دەکرێت، بەڵام ئەگەر بە ئاشکرا، وەک لە سۆسیال میدیا و بڵاوکراوەی گشتیدا بێت، ئەگەری هەیە بڕیارەکە بگاتە 5 ساڵ.

جێگای بیرهێنانەوەیە ساڵی رابردووش دادگایەک لە مەراکیشی پایتەختی ئەو وڵاتە، لە دۆسییەیەکی هاوشێوەدا، بڕیاری 3 ساڵ و نیو زیندانیی بۆ کچێکی تەمەن 23 ساڵ دا، کە لە گرتە ڤیدیۆدا لاسایی ئایەتی قورئانی کردبوویەوە. بەڵام لەژێر فشاری چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی، دوای دوو مانگ لە دەستگیرکردنی کچەکە، دادگا حوکمەکەی گۆڕی بۆ دوو مانگ بەبێ جێبەجێکردن.


AM:11:10:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو