وەزیری دارایی و ئابڕووچوونەکەی کۆمپانیای عەشتار


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ وەزیری دارایی دەستلەکارکێشاوە لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە ئابڕووچوونی گەندەڵیی (بوابة عشتار) لەگەڵ بانکی رافیدەین، ئاشکرای کرد کە ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی رافیدەین گرێبەستەکانی بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئیمزاکردووە. 

لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستلەکارکێشانەوەی، عەلی عەلاوی وتی: "ئەوەی لە گەندەڵییەکەی کۆمپانیای بوابة عشتار بۆ خزمەتگوزاریی ئەلەکترۆنیی روویدا، وابووە کە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکە کراوە دوای ئەوەی کەمکردنەوە لە سێ کۆمپانیای تر وەرگیراوە. یەکێکیان کشایەوە، دووەمیان رازی نەبوو بە گرێبەستەکە چونکە زانیاریی تەواو نەبووە لە گرێبەستەکەدا. ئیتر تەنها کۆمپانیای بوابة عشتار مایەوە".

هەروەها عەلاوی وتیشی: "لەمانگی شوباتدا رێکەوتنەکە بەبێ راوێژکردن بە وەزارەت، مۆرکرا. ئەوەش وای خواست بە پەلە تەدەخول بکەین داوایان لێ بکەین پەلەنەکەن و لە گرێبەستەکە بکۆڵنەوە، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەی ئەوە بوو".

عەلاوی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، گرێبەستەکە نامۆیە، چونکە ئەوە لەخۆ دەگرێت، کە بانکی رافیدەین ئامێری پارە راکێشان بە بڕە پارەیەک کە زیاتر نەبێت لە 60 ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنێت. لەکاتێکدا کۆمپانیاکە ساڵانە 350 ملیۆن دۆلاری دەستبکەوێت و ملیارانیشی بە درێژایی ماوەی گرێبەستەکە دەستدەکەوێت. 

عەلاوی وتیشی، سزای یاسایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە 600 ملیۆن دۆلارە، ئەو بڕە پارەیەش ماقوڵ نییە و فێڵکردنە لە یاسا. هەربۆیە بەپەلە گرێبەستەکە هەڵوەشێنرایەوە و کۆتایی بەکارەکانی ئەنجومەنی کارگێڕیی بانکی رافیدەین هێنرا.

جێگای بیرهێنانەوەیە دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کاربەڕێکەردا، عەلی عەلاوی دەستی لەکارکێشایەوە. ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

لەوبارەیەوە هەر ئەمڕۆش هادی ئەلسەلامی، ئەندام پەرلەمانی سەربەخۆ، رایگەیاند: "لەسەردەمی عەلی عەلاویدا وەزارەتی دارایی بووبوو بە مافیایەکی رێکخراو، کە وەزیر و دارودەستەکەی دەیانبردن بەڕێوە و وایان لە فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی کردبوو، ببێتە مۆڵگەی گەندەڵی و دزی و فریودانی هاوڵاتیان، ئەویش لە رێگای بانکی رافیدەین و رەشید و دەستەی خانەنشینانەوە".

ئێوارەی 9ی ئەم مانگە، کۆمپانیای بوابة عشتار رایگەیاند، کە سکاڵاکەی خۆی دژ بە بانکی رافیدەین پوچەڵکردۆتەوە، بەوپێیەش ئەو سزا داراییەی لەسەر بانکی رافیدەینی حکومی پوچەڵکردۆتەوە، کە بڕەکەی 600 ملیۆن دۆلارە.

بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیای بوابة عشتار لەلایەن عەلی غولامەوە خاوەندارێتی دەکرێت، کە لەساڵی 2013دا بانکی ناوەندی داوای کرد دەست بەسەر موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی عەلی غولام و 11 کەسیتردا بگیرێت، بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانی ئابوورییەوە. 


AM:10:34:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت