مەسرور بارزانی: هەولێر دەتوانێت ببێتە یەکەم شار لە جیهان کە نوێترین شێوازی تەلارسازی تێدا دروستدەکرێت


وێستگەنیوز-

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێیەمین پێشانگەی تایبەتی وەبەرهێنان و خانووبەرەی لە هەولێر کردەوە  و وتارێکی پێشکەش کرد.


لە وتارەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە پێشکەشی کرد مەسرور بارزانی وتی، سەقامگیری و تەبایی و پێکەوە ژیان لە کوردستان وایکردووە کە خەڵک رووی تێبکات.

وتیشی، "هەولێر دەتوانێت ببێتە یەکەم شار لە جیهان کە نوێترین شێوازی تەلارسازی تێدا دروستدەکرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد لەم کابینەیەدا هەر پڕۆژەیەک پێشکەش بکرێت ماستەرپلانی شارەکان لەبەر چاو دەگیرێت و هەر پڕۆژەیەک پێشکەش بکرێت دەبێت خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵکی کوردستان بکات، هەم خەڵک سوودمەند بێت هەم وەبەرهێنەر.

مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆشی لە کەمی ڕووبەری سەوزایی ناو پرۆژەکان دەربڕی و وتی، "بە داخەوە رووبەری سەوزایی لە پڕۆژەکان کراوەتە قوربانی زیادکردنی رووبەری پڕۆژەکان، بە داخەوە کە بە فڕۆکە بەسەر شارەکانماندا تێدەپەڕین دەبینینن رووبەری سەوزایی زۆر کەمە.


دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی رابەرمان جەنابی سەرۆک بارزانییە و رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە. لێرەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی پارتی و لایەنگران و سەرکردایەتی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم و هیوادارم تەمەنی سەرۆکمان درێژ بێت و هەمێشە تەندروست و سەرکەوتوو بێت، پارتیش بەردەوام بێت لەو خزمەتەی کە بەبێ وەستان لەو ساڵانەی رابردوو بۆ دۆزی گەلەکەمان کردوویەتی و بەردەوام بێت لە بەرەوپێشبردنی دۆزی نەتەوەکەمان.

ئەو پێشانگایە زۆر دڵخۆشی کردم، چونکە لە زۆربەی خاوەن پرۆژە و وەبەرهێنەرە بەشداربووەکانم بیست کە توانایی ئەندازیاری، زیاتر خۆماڵییە. راستە پێشتر لەگەڵ زۆر وڵاتی بیانی دیکە کاریان کردووە، بەڵام ئێستا بە پشتیوانی و پاڵپشتی و دیزاین و ئەندازیارانی خۆمانەوە، زۆربەی ئەو پرۆژانە جێبەجێ دەکرێن و ئەمە جێی دڵخۆشییە.

لە کابینەکانی پێشووتری حکومەتی هەریمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە وەبەرهێنان و دروستکردنی خانووبەرە و تەلار لە کوردستان دراوە کە بە بەراوردکردن لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا دەبینین پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. ئەمە وایکردووە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی نیشتەجێبوون روو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، چ لەبەر ئەوەی کە ئاوەدانی زیاتر تێدا کراوە، چ لەبەر ئەوەی کە شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە بۆ ژیانی هاووڵاتیان. تەبایی و ئاسایش وایکردووە کوردستان ببێتە شوێنیک کە خەڵک زیاتر رووی تێبکەن.

بەڵام هەر وەک دیارە، ئیمە بێ کەموکورتی نەبووین و بە تایبەت ئەو پرۆژانەی لە کوردستان کراون . بینیمان لە هەندێک رووەوە کەمتەرخەمی لە پرۆژەکاندا هەبووبێت، بەڵام ئێستا لەو کابینەیەدا جەختی زیاترمان لەسەر ئەوە بووە کە ماستەرپلانی شارەکان لەبەرچاو بگیرێن و زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکرێن بە پێی ئەو مەرج و پێداویستیانەی حکومەت و خەڵکی کوردستان بن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری زیاتر بە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بگەیەنن.

بە پێشکەوتنی جیهانی لە رووی ئەندازیاری و تەلارسازییەوە، شێوازی نوێ بۆ دروستبوونی خانووبەرە دەخرێتەڕوو. ئیمە حاڵەتێکی زۆر تایبەتمان هەیە، بۆ نموونە شاری هەولێر وەکوو کۆنترین شاری جیهان کە ژیان تێیدا بەردەوامە. ئێمە دەتوانین ئەمە وەکوو پێناسەیەک بۆ شاری هەولێر لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەنگاو بنێین بۆ پێشکەوتووترین شێوازی تەلارسازی کە لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێت. کەواتە هەوڵیر دەتوانێ ببێتە یەکەم شار لە جیهاندا کە کۆنترین و نوێترین شێوازی تەلارسازی تێدا جێبەجێ دەکرێت. بێگومان شارەکانی دیکەی کوردستانیش تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە و ئێمە گرنگییەکی زیاتر بەوە دەدەین لە خانووبەرە و ئاوەدانی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بێت.

هەندێ شت دەبێ زۆر لەبەر چاو بگیرێن، وەک خزمەتگوزاری تەندروستی، رێژەی سەوزایی، کوالێتی کار و ئەو کەرستانەی بەکار دێن، داوا دەکەم هەموویان بە پێی ستاندەری جیهانی بن. ئەو مۆڵەتانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەو بەڕێزانە دەدرێت، دەبێت ئەو مەرجانەی تێدا بێت، هەر واشمان کردووە و بەردەوامیش دەبین.

حکومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە هاوکاری کەرتی گشتی و تایبەت و ئەمە وایکردووە ئەو پێشکەوتنە لە هەرێمی کوردستان بێت دی، بەڵام دەکرێ هەنگاوی باشتر بنێین.

بەداخەوە کەشوهەوا، گۆڕانکارییەکی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت و ئەمە دەبێتە هۆی بەبیابانبوون، وشکەساڵی و کەمئاوی. دەبێ خۆمان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە بگونجێنین کە لە جیهاندا روو دەدەن. پێویستە لە بواری وەبەرهێناندا، ئەوانە لەبەرچاو بگیرێن. بە داخەوە زۆر جار بینیومە کە رووبەری سەوزایی لە پڕۆژەکان کراوەتە قوربانیی زیاترکردنی یەکە و خانوو، ئەمە نابێت بەردەوام بێت.

ئەمڕۆش هەندێ پڕۆژەم بینی، لەوێ خانووەکان زۆر زۆر لە یەک نزیکن و هیچ مەجالێک بۆ سەوزایی و هەناسەدان تێیدا لەبەرچاو نەگیراوە، ئەمە دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت. داوا لەو وەبەرهینەرانەی کە تەنانەت دەستیان بە پڕۆژەکانیانش کردووە، دەکەم کە ئەمە لەبەرچاو بگرن. دەبێ لە پرۆژەکاندا، سەوزایی، خزمەتگوزاری و هەموو مەرجە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگیرێن. بۆ کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن بگاتە شوێن یان باڵاخانەیەک کە پێویستی پێیەتی، دەبێ قوتابخانە هەبێت. نابێ تەنیا بیر لە زیادکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بکرێتەوە.

بەداخەوە رێژەی سەوزاییمان زۆر کەمە و ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر گۆڕینی کەشوهەوا دروست کردووە. هیج نەبێ با ئەو کارە بۆ زیاترکردنی رووبەری سەوزایی لە هەموو پرۆژەکاندا بکەین، ئەمە دەبێ وەک مەرج بۆ پێدانی مۆڵەت لەبەرچاو بیرێت.

بەداخەوە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە بەو شێوەیە نییە کە زوو کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات. زەویلەرزە و لافاو دەبێ لەبەرچاو بگیرێن. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن ژینگەیەکی تەندروستتر بۆ هاووڵاتیانمان دروست دەکرێت.

تەنیا نابێ چاو لە بابەتی بازرگانیی پرۆژەکان بکرێت. ئێمە گوتوومانە لەو کابینەیەدا، هاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکومەتە و هەر پرۆژەیەک دەکرێت، بۆ ئەوەیە خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان بگەیەنین.

بڕیارمانداوە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار دروست بکەین، بە نرخی کەم و بە قیستی درێژخایەن.

داوام کردووە هەموویان دەبێ بە کوالێتی باش و خزمەتگوزاریی تەواو پێشکەشی هاووڵاتیان بکرێن، بەو ئاواتەی رێژەی کرێنشینی لە کوردستان بۆ کەمترین ئاست نزم ببیتەوە و وای لێ بێت رۆژێک لە کوردستان هەموو کەسێک ببێت بە خاوەنی خانووی خۆی.

ئێمە بۆ ئەوەی بمانەوێت بەردەوام خزمەتی خەڵکی خۆمان بیکەن، تەنیا دروستکردنی خانوو و تەلار بەس نییە، پێویسیتە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکەین و لەو کابینەیەدا زۆرمان بایەخ پێداوە. دەبێ کەرتی پیشەسازی زیاتر بەرەوپێشەوە ببەین بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئەو کەسانەی وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرەدا دەکەن.

دڵخۆش بووم کە هەندێ لەو بەڕێزانەی قسەم لەگەڵ کردن، گوتیان بەشێک لەو کەرستانەی بەکاری دێنن، خۆیان دروستی دەکەن، بەڵام زۆریشی هاوردە دەکەین. دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین ئەو دەوڵەمەندییەی کە کوردستان هەیەتی و خاوەنی سامانی سرووشتی دەوڵەمەندە، وای لێبکەین بۆ دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەکاری بێنین.


PM:04:34:16/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو