منداڵێکی کورد بە ددانەکانی ئەو مارە دەکوژێت کە گازی لێگرتووە

‌منداڵە تەمەن دوو ساڵانەکە

وێستگه‌نیوزـ

لە رووداوێکی نامۆدا لە کوردستانی باکور، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ دوای ئەوەی مارێکی ژەهراوی پێوەی دەدات، تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە و مارەکە بە ددانەکانی دەکوژێت.


لەو بارەیەوە میدیا تورکییەکان و میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو منداڵە لە سەرەتادا لە باخچەی دواوەی ماڵەکەیان یاریی کردووە، خێزانەکەی گوێیان لە قیژەی منداڵەکەی بووە کە مارێک گازی لێگرتووە.

دواتر کە گەیشتوونەتە لای منداڵەکە، بینیویانە مارێکی بەدەمەوەیە کە درێژییەکەی نیو مەتر بووە، دوای ئەوەی مارەکە پێوەی داوە منداڵەکە لە کاردانەوەیدا مارەکەی بە ددانەکانی کوشتووە و تۆڵەی خۆی لێکردووەتەوە.

لەدوای رووداوەکە بە خێرایی منداڵەکە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و ماوەی 24 کاتژمێر لە ژێر چاودێری پزیشکدا بووە، لەو ماوەدا منداڵەکە لە دۆخێکی تەندروستی باشدا بووە.

محەمەد هێرکان، باوکی منداڵەکە وتوویەتی، "ئەو کاتەی کچەکەم وای بەسەرهاتووە لەسەر کار بووم، خوا پاراستوویەتی، دراوسێکانم پێیان وتووم کە مارێکی گەورە بە دەستی منداڵەکەمەوە بووە و یاریی لەگەڵ کردووە تا ئەو کاتەی مارەکە پێوەی داوە، دواتریش کچەکەم تۆڵەی خۆی لێکردووەتەوە".

رووداوەکە لە پارێزگای بینگۆلی سەر بە کوردستانی باکور روویداوە، لە ناوچەی ئاناتۆلیای رۆژهەڵات، کە ناوەندەکەی شاری چەولیگە و بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچەیە کورد و زازاکی و چەولیگی و ئەرمەنین. ناوچەیەکی شاخاوییە و رووبار و دەریاچەی هەیە.


AM:09:23:16/08/2022






ئه‌م بابه‌ته 13220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت