لایەنە سیاسییەکانی عیراق چاویان لە مەرجەعیەتی شیعەکانە دۆخی سیاسی یەکلا بکاتەوە

‌لایەنگرانی رەوتی سەدر لەکاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین

وێستگه‌نیوزـ

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، لە دەسەڵاتی ئەودانییە پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە، بەمەش نەیتوانی کێشەی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی کۆتایی پێبهێنێت. لە ئێستادا چاو لەسەر مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانە کە هەموو لایەک پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانییەوە دەربڕیووە.


ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە شاری بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و تا ئێستاش کۆتاییان پێ نەهێناوە، لە دیارترین داواکارییەکانیشیان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، موقتەدا سەدر، رێبەر رەوتی سەدر داوای لە ئەنجومەنی دادوەری و دادگای باڵای فیدڕاڵی کرد پەرلەمانی هەڵبژێردراو هەڵبوەشینێتەوە و پێیان رابگەیەنێت کە ماوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت کۆتایی هاتووە و ئەگەر بشکرێت سەرپێچیکردنی یاسایە.

لەبەرامبەردا ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق وەڵامی داوایکەی سەدری دایەوە کە ئەرکەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە یاسا دیاریکراوە و خۆی دەبینێتەوە لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دادوەری و هیچ رێگە پێدانێکی نییە بۆ دەستێوەردان لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکاری و یاسادانان.

ئاماژەی بەوەشدا، "هەڵوەشاندنەوەی‌ پەرلەمان لە دەسەڵاتی‌ ئێمەدا نییە".

هاوکات، ئەحمەد عەبادی، شارەزای یاسایی لە لێدوانێکیدا بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراق رایگەیاندووە، دوو رێگە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، لە ماددەی 64ی دەستووری عێراقی نەخشەی بۆ کێشراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، رێگەچارەی یەکەم بە داواکاری سەرۆک وەزیران و قبوڵکردنی سەرۆک کۆمار دەبێت و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانەکانی ئێستا جێبەجێ دەکرێت.

لە بارەی رێگەچارەی دووەمەوە باسی لەوەکردووە، بە داواکاری سێیەکی ئەندام پەرلەمانەکان دەبێت و دواتر بە دەنگدانی هەموو پەرلەمان پەسەند دەکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی داواکەی سەدری بە دەستدرێژیکردنە سەر دەسەڵاتە شەرعی و یاساییەکان وەسفدەکات، چونکە زۆرترین جومگەکانی دەسەڵاتی لە ئێستادا بەدەستەوەیە و داوای لە لایەنگرانی کرد لەبەرامبەر خۆپیشاندەرانی رەوتی سەدر بڕژێنە سەرشەقامەکان و سەرەکیترین داواکاریشییان پێکهێنانی حکومەتی خزمەتگوزاری و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ئامادەکاریکردنە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

لە ئێستادا و دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری رەتی کردەوە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەدەسەڵاتی ئەودابێت، لایەنه‌ سیاسییە شیعەکان چاویان لەسەر دوا بڕیاری عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراقە.

هەموو لایەن سیاسییە شیعەکان سیستانی بە گەرەنتیدەری ئاسایش و بڕیارەکانیشی بە یەکلاکەرەوەی کێشە سیاسییەکانی دادەنێن.

سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار و نزیک لە مەرجەعییەتەوە بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە، لە ئێستادا مەرجەعییەت لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ نیازێکی نییە دەستوەردان بکات.

سه‌رچاوه‌کە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، سیستانی لە رێگەی نوێنەرکانییەوە بەردەوام پەیامەکانی ئاراستەی لایەن سیاسیییەکان کردووە.

سه‌رچاوه‌کە ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا کێشەکان لەسەر ئاستی سیاسی ماونەتەوە، ئەگەر چی هەندێ لایەن ئاماژە بە بەکارهێنانی هێز دەکەن، بەڵام مەرجەعییەت بەردەوام لە قۆناغە هەستیارەکاندا قسەی یەکلاکەرەوەی خۆی دەکات و مافی هەموو لایەک لەبەر چاو دەگرێت و پشتگیری لایەنێک بەتەنیا ناگرێت.

وتیشی، "ئەگەر چی سەرۆک هۆزەکان و کەسە کاریگەرەکان زۆر داوایان لە مەرجەعییەت کردووە دەستوەردان بکات، بەڵام هێشتا ماوەتەوە بۆ لێکدانەوەکانی مەرجەعییەت".


AM:08:51:16/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت