چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ لایەنگرانی: خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام بدەن


وێستگەنیوز-

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەزیرەکەی موقتەدا سەدر بۆ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ملیۆنی، لیژنەی ئامادەکاری خۆپیشاندانەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییش داوای بەڕێوەچوونی "خۆپیشاندانی گەورە"  لە لایەنگرانی دەکات.
 

لیژنەی ئامادەکاری خۆپیشاندانەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمشەو دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "داواتان لێدەکەم ئامادەباشیتان هەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی جەماوەری گەورە بەمەبەستی ئەوەی پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی خزمەتی نیشتیمانی و بە شێوەیەک  توانای هەڵگرتنی ئەو ئازارانەی هەبێت کە هاوڵاتیانی عێراقی لە گرانیی ژیان و کەمیی ئاو و کارەبا  چەشتویانە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "دەوڵەت دەوڵەتی ئێوەیە، وڵات وڵاتی ئێوەیە ئێوە ئازارتان چەشت شەهیدتان دا بۆ بەرگریکردن لێی، ئەم خۆپیشاندانانە بۆ حزبێک یان رەوتێک یان لایەنێکی دیاریکراوە نییە، خۆپیشاندانی گەلە کە دەیانەوێت دەوڵەت بپارێزن لە پێناو ژیانێکی سەلامەت و سەروەری و سەربەخۆیی، لەپێناو رزگاربون لە بێکاری و هەژاری".

باسی لەوەش کردووە،"حکومەتی ئێستا کەمتەرخەمە و کەموکورتی هەیە، ئەنجومەنی نوێنەران لەکارخراوە، دەسەڵاتی دادوەری روبەڕوی زیادەڕەویکردن بوەتەوە، هیچ کەسێک زامنی پاراستنی ناکات جگە لە یاسا و دەستور، بۆیە داواتان لێدەکەین، لە گوندەکان و شارەکانتانەوە وەرن بۆ پاڵپشتیکردن لە دەوڵەتەکەتان".

لەبارەی کات و شوێنی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لیژنەکە دەڵێت، " لەدوای کۆبونەوەی لیژنەی ئامادەکاری، لەکات و شوێنی خۆپیشاندانەکە ئاگادارتان دەکەینەوە".

ئەم ڕاگەیەندراوە  لەکاتێکدایە، هەر ئەمشەو  وەزیری سەدر، رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتو جارێکی دیکە خۆپیشاندانی لایەنگرانی رەوتەکەی لە شاری بەغدا دەست پێدەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک رێنمایی بڵاوکردەوە.


PM:10:35:15/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت