لێدوانی فەرمیی ئێران سەبارەت بە هێرش بۆ سەر سەلمان روشدی


وێستگەنیوز-

ئێران لە یەکەم لێدوانی فەرمیی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر سەلمان روشدی، نووسەر و رۆماننووسی بەریتانیی بە رەگەز هیندی، لۆمەی روشدی و لایەنگرانی کرد.

ناسر کەنعانی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ رایگەیاند: "سەبارەت بە هێرشکردنە سەر سەلمان روشدی، جگە لە روشدی و لایەنگرانی، کەسیتر شک نابەین تا لۆمەی بکەین".

هەروەها وتیشی: "جگە لەوەی لە راگەیاندنەکانی ئەمریکادا هاتووە، هیچ شتێکیترمان سەبارەت بەو کەسە نەبینیوە، کە ئەو کارەی کردووە".

سەبارەت بە پەیوەندی ئێران بەو رووداوەوە، رایگەیاند: "بەتەواویی رەتی دەکەینەوە ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشبەرەکەوە هەبێت".

جێگای بیرهێنانەوەیە دەسەڵاتدارانی ئەمریکی رایانگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە، کە 12ی ئەم مانگە هێرشی کردە سەر روشدی. ئەو کەسە ناوی هادی مەتەرە و 24 ساڵە و خەڵکی ویلایەتی نیوجێرسییە.

 لە ساڵی 1988ەوە، دوای بڵاوکردنەوەی رۆمانی (ئایاتە شەیتانییەکان)، هەڕەشەی کووشتن لە سەلمان روشدی کرا و لە زۆر وڵاتیش کتێبەکە قەدەغەکرا و ناڕەزایەتی لە دژی ئەو کتێبە بەڕێوەچوو. هەر لەو ساڵەشدا ئیمام خومەینی فەتوای کوشتنی بۆ دەرکرد.


AM:11:44:15/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت