چین و ئەمریکا لە لێواری جەنگێکی مەترسیداردا

‌سەربازانی ئەمریکا لە دوورگەیەکی تایوان ساڵی 2021

وێستگەنیوز_
 
دوێنێ یەک شەممە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکی گەیشتنە تایوان. ئەمەش هەنگاوێکە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان چین و تایوان زیاتر دەکات. شارەزایانیش هۆشداریی دەدەن لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی وێرانکەر.

سەبارەت بە سەردانی ئەو شاندە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تایوان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سەردانی ئەو شاندە بۆ تایوان، لە چوارچێوەی سەردانێکی فراواندایە بۆ ناوچەی زەریای هیندی و زەریای هێمن.
 
لای خۆشییەوە چین بەردەوامە لە مانۆڕە سەربازییەکانی لە دەوروبەری دوورگەی تایوان. هەر لەدوای سەردانی نانسی بێلوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دوورگەکە، پێش 10 رۆژ لەمەوبەر. لە بەرامبەریشدا تایوان بە مانۆڕی سەربازیی وەڵامی چینی دایەوە، کە زیاتر بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی خۆیەتی لە ئەگەری هەر هێرشێکی داگیرکاریی چیندا.

لە لایەکی دیکەوە شارەزایانی رۆژئاوا هۆشداریی دەدەن و پێیان وایە زیادبوونی ئاڵۆزییەکان بەرەو جەنگ دەچێت لەنێوان یەکەم و سێیەم بەهێزترین سوپای جیهاندا و ئەمەش "مەترسیدارترین جەنگ دەبێت".

سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی و نێودەوڵەتیی لە واشنتۆن، پێیوایە ئەگەر جەنگێکی وا هەڵبگیرسێت، سەرکەوتوویی تیادا نابێت و مووشەکە بالیستییەکانی چین دەتوانن بڕێکی زۆر لە کەشتییە ئەمریکی و یابانییەکان و سەدان فڕۆکەش تێکبشکێنن. 

هاوکات مارک کانسیان، بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن پێیوایە، دژە هێرشەکانی هێزی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، دەتوانن کەشتیگەلەکانی چین تێکبشکێنن و دەڵێت: مانۆڕەکەی چین توانای ئەو وڵاتەی دەرخست و ئەم شەڕە ئەگەر رووبدات، ئەوا چەندین ساڵ ئەمریکا دەگێڕێتەوە بۆ دواوە تا جارێکیتر هێزی سەربازیی خۆی بینابکاتەوە. رووسیا و ئێرانیش لاوازبوونی ئەمریکا دەقۆزنەوە.

جێگای ئاماژەیە لە پۆلێنکارییەکی گلۆبال فایەر پاوەر، بۆ ساڵی 2022، سوپای ئەمریکا بە پلەی یەکەم دێت و خاوەنی دوو ملیۆن و 245 هەزار سەرباز و سێ هەزار و 750 کڵاوەی ئەتۆمییە و بودجەی بەرگریشی دەگاتە 740 ملیار دۆلار.  

لە بەرامبەردا سوپای چین لە پلەی سێیەم سوپای جیهاندا دێت و سێ ملیۆن سەربازی هەیە و کەشتییە سەربازییەکانی لە پلەی یەکەم و هێزی ئاسمانیشی لە پلەی سێیەم دێت لەسەر ئاستی جیهاندا. هەروەها خاوەنی 350 کڵاوەی ئەتۆمییە و 204 مووشەکی دوورمەودا و بە هەزاران مووشەکی کیشوەربڕی هەیە. بودجەکەشی دەگاتە 230 ملیار دۆلار.

سەبارەت بە مەترسییەکانیش، رۆژنامەی لۆبوانی فەرەنسی لەوبارەیەوە نووسیویەتی: تا دێت درزی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر دەبێت و هەر هەڵەیەکیش دەبێتە کارەساتێکی جیهانی.


AM:10:09:15/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت