مه‌لا به‌ختیار: چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئێستا پشتیوانی له‌ تاكه‌ كاندیدی یه‌كێتی بۆ سه‌رۆك كۆمار ناكات


وێستگه‌نیوزـ

مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی باس له‌ نه‌رمی نواندنی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌رانبه‌ر پارتی ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئێستا تاکە کاندیدی پشتیوانی لێکراوی سەرۆك کۆمار، کاندیدی لای چوارچێوە یەکێتی نییە".

مه‌لا به‌ختیار له‌ نووسینێكدا له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ فه‌یسبوك باس له‌ هه‌نگاوه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و كاندیدی سه‌رۆك كۆمار ده‌كات.

مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت: "رۆژی دووشه‌ممه‌ 4ی ته‌مموزی 2022، چوار چێوەی هه‌ماهەنگی کۆبونەوە و راگەیاندراوێکیان لەم دۆخەدا، کە سەدریەکان لەسەر چزوی سیاسین، بڵاوکردەوە، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا پەیامێکیان ئاراستەی یەکێتی و پارتی کردووە، تا کاندیدی سەرۆك کۆمار یەکلابکەنەوە. ئەم پەیامە، بەشێوەیەکی گشتی، پەرۆشی چوار چێوەکە بۆ چارەسەری کێشەکان دەگەیەنێت، بەڵام ژێر دێڕی پەیامەکە، سەرسوڕهێنەرە".

ده‌شڵێت: "تاكو سەماحەتی سەدر لە پرۆسەکە نەکشابوەوە، چوارچێوە، پشتیوانی کاندیدی یەکێتیان بۆ سەرۆك کۆمار دەکرد، ئێستا کە بەرە سێقۆڵیەکەی سەدریەکان و پارتی و سوننە، تێك چووە، چەند رۆژێك دیمەنە سیاسیەکە وادەبینرا گوایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئیتر سەرکەوت و لە کوردستانیشدا، یەکێتی دەیباتەوە، بەڵام بەرەبەرە، دیمەنەکە هەڵگێڕدرا؛ پارتی لەسەر کاندیدی خۆی سورە. یەکێتیش کاندید ناگۆڕێ؛ سەدریەکانیش لەسەر هێڵی سوری ناکۆکیەکان گوڕیان بەستووە. لە بەرامبەردا چوارچێوە تێگەیشتن، ئێسقانەکە لە چەندین لاوە دڕکی هەیە".

مه‌لا به‌ختیار باسی له‌وه‌شكردووه‌: "بۆیە، بەرەبەرە زۆربەی چوارچێوە، ئاراستەی سیاسەتیان گۆڕی، لیستی نەسر و بیت للحکمه‌، لە دژواری دۆخەکە کشانەوە و ئامادە نین ببنە بەشێکی کابینەی چوارچێوە، هادی عامریش ناکۆکی لەگه‌ڵ مالیکی هەیە و هێشتا کاندیدێکیان بۆ سەرۆك وەزیران بەتەنها نییە، هەموو لایەکیشیان نەیانتوانی، کاندیدی یەکێتی بکەنە سەرۆك".

ده‌شڵێت: "بۆیە، ناچاربوون، پەیامێك بڵاوبکەنەوە و کێشەی یەکلایی کردنەوەکە بخەنە گەروی کورد، ئەمە لە کاتێكدا، لە بنجینەدا، کێشەی قوڵ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە هەناوی شیعەکاندایە".

مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: "ئەم پەیامەی چوارچێوە بۆ کورد، کە کاندیدی سەرۆك کۆمار لەناو یەکێتی و پارتی ساغ بکەنەوە، لایەنی کەم والێكدەدرێتەوە، یەکەم تاکە کاندیدی پشتیوانی لێکراوی سەرۆك کۆمار، کاندیدی لای چوارچێوە یەکێتی نییە".

ئه‌وه‌ش باس ده‌كات: "دوەم بە هەموو ئاڵوگۆرەکانەوە، لە ناو کورسیەکانی پەرلەمان، چوارچێوە هێشتا ناتوانێ 220 کورسی بۆ سەرۆک کۆمار دەستەبەر بکات. بۆیە لەگەڵ پارتی نەرمی دەنوێنن، تا پارتی و سوننەکان رابکێشن! هەموو لایەکیان نیگەرانن، کە لەدوای 15ی ته‌مموز  رەوتی سەدر، لە مەدینەی سەدر، نەیقەومێنێ".


PM:08:50:05/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 3104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو