وادەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران ئاشکرا کرا


وێستگه‌نیوزـ

بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی ھەرێم رایگەیاند، تا ئێستا بڕی 213 ھەزار و 133 تەن و 260 کیلۆگرام گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە. دەشڵێت، "لەنزیکترین کاتدا، جوتیاران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن".

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی حوزه‌یرانی 2022، نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی سەربە وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لەسەرجەم سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان کوردستان بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا بڕی 213 ھەزار و 133 تەن و 260 کیلۆگرام گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

باسی لەوەش کرد، لە سایلۆکانی سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین بری 98 ھەزار و 970 تەن و 20 کیلۆگرام گەنمی جوتیاران وەرگیراوە.

بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا لە سایلۆی ھەولێر، 70 ھەزار و 821 تەن و 120 کیلۆگرام گەنمی جووتیاران و لە سایلۆکانی فایدە، شێخان و زاخۆیش، 43 ھەزار و 342 تەن و 120 کیلۆگرام گەنم وەرگیراوە.

نەوزاد کامل بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی، داوای لە جوتیاران کرد، گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان بکەن.

وتیشی، لە نزیکترین کاتدا، جوتیاران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.

لە ساڵی 2014 ەوە ناکۆکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند دروست بوو، بەهۆیەوە جوتیارانی هەرێمی کوردستان نەیان توانی پارەی گەنم وەربگرن، ئەمەش وای لە جوتیاران کرد متمانەیان بەسایلۆکان نەمێنێت.


PM:05:49:05/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 2276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت