چەقبەستوویی سیاسی و ناکۆکی کورد و ترسی جوڵاندنی شەقام... چوارچێوەی هەماهەنگی سڕ کردووە


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

چوارچێوەی هەماهەنگی بارودۆخێکی نوێی بەسەردا هاتووە بە جۆرێک، ناتوانێت لە ئێستادا حکومەت پێکبهێنێت بەو پێیەی نە لایەنی کورد و کورد، نە سوننەکان و نە شەقام کە زۆرینەی لەگەڵ سەدرن، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار. بۆ یەکەمجاریشە لایەنی سەدر لە حکومەت کشاونەتەوە لە دوای ساڵی 2006ـەوە. 

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدید، لە ئێستادا دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و چوارچێوەی هەماهەنگیش هیچ هەڵوێستێکییان نەبووە، واتە بە شێوەی فەرمی یا نافەرمی لەگەڵ دوو لایەنی سەرەکی سوننە و کورد دانەنیشتوون. 

چاودێران هۆکارەکەی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوە، دیارترینیان نەبوونی متمانەیە لە نێوان لایەنەکاندا، چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی پشووی یاسادانانی پەرلەمان لە دوای 10ـی مانگی تەمموزی ئەمساڵ، جگە لە ترسی وروژاندنی سەرۆکی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەری هەیە دووبارە شەقام بجوڵێنێت.

رۆژنامە عەرەبییەکە دەڵێت، قەیرانی سیاسی عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە دوای ئەوەی 73 ئەندام پەرلەمانەکەی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران  دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد، هەروەها خودی سەدر لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە.

دەشڵێت، لە ساڵی 2006ـەوە ئەمە یەکەمجارە رەوتی سەدر لە دەرەوەی پەرلەمان بێت. هەروەها ئەمرۆ یەکشەممە نوێنەرێکی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، بە ئەلعەرەبی ئجەدید-ی راگەیاندووە، "چەقبەستوویی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە؛ سەپاندنی مەرجی پێشوەختە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سیادەە، لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها بەردەوامی ناکۆکی نێوان کورد و کورد لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار."

جێگرەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: "لە نێو ئەو هۆکارانەدا ناکۆکی لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیشدا هەیە سەبارەت بە کاندیدی سەرۆک وەزیران، هەروەها ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو هەیە." 

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێک لە هۆکارە دیارەکان کە بزووتنەوەکەی خستووەتە دۆخی سڕ بوونەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، چاودێریکردنی موقتەدا سەدر، سەرکردەی رەوتی سەدرە لە گۆڕەپانی سیاسی و جێنەهێشتنی، تەنانەت دەرکردنی بەیاننامە، کە هەمیشە جوڵاندنی شەقام و رای گشتی وەک هەرەشەیەک دژی سیاسیی و لایەنەکانی عیراق بەکاردەهێندرێت."


PM:01:44:04/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 2088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت