مەسرور بارزانی سەرپەشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز دەکات


وێستگەنیوز_

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگازى کرد، کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەیە لە دوای هەموارکردنی یاسای نەوت وگاز.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی داهات و خەرجییەکانی نەوت بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 کرا.

لە بڕگەیەکی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، داهاتی گشتی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت خرایەڕوو، کە بریتییە لە کۆی گشتی نەوتی بەرهەمهاتوو و هەناردەکراو و بەکارهێنراوی ناوخۆیی و تێکڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەو ماوەیەدا .

دواتر چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتی بەدەستهاتوو لەم ماوەیەدا خرایەڕوو کە بۆ دابینکردنی مووچەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خەرج کراوە، حکومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت پارەی پێویستی بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی شەش مانگی ساڵی 2022ی دابین کردووە، لە کاتێکدا حکومەت فیدرالی بۆ شەش مانگی ساڵی 2022 دەبووایە ترلیۆنێك و دووسەد ملیار بنێرێت، بەڵام تەنیا دوو مانگ لەو ماوەیەدا بڕە پارەی ناردووە، کە تەنیا 400 ملیار دینارە. بەڵام حکومەت مووچە هەموو مانگێکی لە داهاتەکانی نەوت و ناوخۆی هەرێم دابین کردووە و هەموو مانگ مووچەی دابەش کردووە.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، بریتی بوو لە خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە ناکۆکیی نەوت وگاز و ئامادەکارییە یاساییەکانی حکومەتی هەرێم پشتبەست بە دەستوور بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ. کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە و دووپاتیشی کردەوە کە؛ شاندی دانوستانکاریی هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لە‌سە‌ر كێشە‌كان.


PM:08:42:30/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو