لێدوانی نوێی مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز_

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە پەیوەندیدان لەسەر هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێویستە کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بێت. دەشڵێت، هێرشەکان لەلایەن "هەندێک کەسی لە یاسادەرچووەوە ئەنجام دەدرێت و خۆشیان دانی پێدادەنێن." 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی پێشانگەی هایتێکسی کرد لە هەولێر و قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد و بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاند، "ئەوەی پێمان بکرێت پاڵپشتییان دەبین و خۆشمان بەرنامەی زیاترمان بەدەستەوەیە بۆ هاوکاریکردنی زیاتری گەنجان و دروستکردنی هەلی کار."
 
مەسرور بارزانی وەڵامی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا لە گفتوگۆداین و بەردەوام قسەمان کردووە لەسەر ئەوەی کە پێویستە کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بێت، چونکە لەلایەن هەندێک کەسی لە یاسادەرچووەوە ئەنجام دەدرێت و خۆشیان دانی پێدادەنێن و هەوڵی ئەوە دەدەن لەگەڵ ئێمە هاوکاربن و کۆتایی بەم کێشانە بێت." 
 
سەبارەت بە کوشتنی دوو مامۆستاکەی هەولێر، سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە لەوەی ، "زۆر پێی دڵگرانبووم، دەبێت کۆتایی بەمجۆرە تاوانانە بێت، هیوادارم یاسا بەتووندترین شێوە سزای تاوانباری کوشتنی دوو مامۆستاکەی هەولێر بدات."


AM:10:44:29/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت