سەرۆکایەتی هەرێم پرۆژەیەکی بۆ یەکدەنگی لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردن پێشکەشکرد

‌باڵەخانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز_

ئەمرۆ سێشەممە، جگە لە بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی کە ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشکردبوو، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەشداریانکرد لە کۆبوونەوەیەکی سەرۆکایەتی هەرێم و پرۆژەیەکیان خرایە بەردەم لە بارەی هەڵبژاردنەوە.


بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و تێیدا پرۆژەیەکی نوێ بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ یەکتر لەسەر بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە پێشکەشکراوە.

پرۆژەکەش بەم جۆرەیە، یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و بکرێتە فرە بازنە، بەڵام ئاساییە کە دەنگی کاندیدان کۆبکرێتەوە. ئەم جگە لەوەی پێشکەشکراوە بۆ دەربڕینی رای لایەنەکان، زانیارییەکانی وێستگەنیوز ئاشکرای دەکەن، ئەم پرۆژەیەی سەرۆکایەتی هەرێم کۆدەنگییەکی سەرەتایی دروستکردووە.

لەبارەی پێکهاتەکانەوە کە کێشەیەکی دیکەی نێوان لایەنەکان بوو، کۆبوونەوەکە دووپاتی کردۆتەوە، پێویسته‌ ئه‌وان بریار لە چارەنووسی  خۆیان بدەن، بەڵام یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری داوایان کردووە ژمارەیەک کورسی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکان دابەشکرێت.

رۆژی دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022 دەزگا و مەکتەبەکانی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، کە بریتیبوون لە مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان و پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مشتومڕی لەنێو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و لەسەر یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، چەندین بڕگە و ماددەی یاسایی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران و خاڵگەلێکی دیکە، لایەنەکان بۆچوونیان لەسەریان جیاوازە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆكرد و بڕیاریدا رۆژی 1-10-2022 هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت.
 
ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان 9 ئەندامی هەیە؛ سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو ئەندام لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوو ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش هەریەکەیان ئەندامێکی هەیە.
 


PM:04:54:28/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 3288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو