وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی: داهاتی نەوت رۆڵی گەورەی هەیە بۆ دابینكردنی مووچە


وێستگه‌نیوزـ

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، داهاتی نه‌وت رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ دابینكردنی مووچه‌.


وەزارەتی سامانە سروشتییەکان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: كەرتی نەوت و غاز لەهەرێمی كوردستاندا هەنگاوی گەورەو گرنگی ناوە بەرەو بەدامەزراوەیی و راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان، بەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی تا دێت بەهێزتر دەبێت، هاتنی گەورە كۆمپانیاكانی (نەوت و غاز و خزمەتگوزاریی نەوتی) و فراوانبوونی وەبەرهێنان و بەردەوامی كاركردنیان لەهەرێمی كوردستان بەڵگەی روون و ئاشكرایە بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژییە سەركەوتووانەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەبواری نەوت و گاز پەیڕەوی دەكات.

باسی له‌وه‌شكرد: لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا داهاتی نەوت رۆڵی گەورەی بۆ دابینكردنی مووچە و بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان هەیە، بەرهەمی غازی سروشتی بۆ دابینكردنی سوتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار دەهێنرێت، لەكێڵگەو كۆمپانیاكانی نەوت و غازدا سەدان هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین كراوە.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وتووه‌: "سەقامگیریی و ئارامی و پلان و سیاسەتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری كەرتی نەوت و شەفافییەت لەم سێكتەرە گرنگەدا وایكردووە ناحەزانی گەلی كورد و كوردستانییەكان چاویان بەم دەستكەوتانە هەڵنەیەت و بەردەوام لەپلانی دوژمنكارییانەدا بن بەدەركردنی بڕیاری نادەستووری و سیاسییانە و هێرشی موشەكی، دوا هەوڵ و پیلانیشیان بڕیارە نایاسایی و دوور لە ماددە و بڕگە دەستوورییەكان بوو كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە  لە غیابی نەبوونی (یاسای نەوت و غازی حكومەتی عیراقی فیدراڵ) بوو بەوەی فشاری لەسەر كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و غاز كردووە و داوای لێكردوون هەرێمی كوردستان جێبهێڵن".

ئه‌وه‌شی باسكردووه‌: "ئەم هەنگاوەی وەزارەتی نەوتی عیراق لەگەڵ دەستوور و یاسا و پرەنسیبەكانی فیدراڵیەت و عەقڵیەتی ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عیراقدا یەك ناگرێتەوە، ئەم پێشێلكارییە نوێیەی وەزارەتی نەوتی عیراق نەك هەر كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لەهەرێمی كوردستان نەكردووەو نابێت، بگرە كۆمپانیاكانی وا لێنەكردووە لەكارەكانی رابوەستن".

دواجار ده‌شڵێت: "بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە و دوژمنكارانە پێشێلكارییەكی ئاشكرایی رێساكانی پاراستنی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە، ئەم هەڵسوكەوتە بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی گشتی گەلانی عیراق و كوردستاندا نییە و ناووناوبانگی عیراق لەنێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا لەكەدار دەكات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە".

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان دوای ئه‌وه‌دێت كه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ میدیای فەرمی عیراق، چەند بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیاکە پێیان راگەیاندوون کە کۆمپانیای شلەمبێژێی ئەمریکی نامەیەکی فەرمی بۆ وەزارەتی نەوتی عیراق ناردووە و پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری ژمارە 59ی دادگای فیدڕاڵییەوە دووپاتکردووەتەوە و چیتر کار لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ناکەن لە بواری نەوتدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە رۆژنامەی سەباحی فەرمی عیراق رایگەیاند، کۆمپانیای بەیکەر هیوزی نەوتی پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە و کاری تێدا ناکات.

کۆمپانیای شلەمبێرگەی-Schlumbergerـی ئەمریکی، بە گەورەترین کۆمپانیای جیهان دادەنرێت کە کاردەکات لەبواری خزمەتگوزاری کێڵگە نەوتییەکاندا و لە 85 وڵاتی جیهان کاردەکات و زیاتر لە 100 هەزار کارمەندی هەیە.


PM:01:40:28/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو